* نەوژین
خەڵاتی یەکسانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەخشرایە پارێزەر و چالاکوان؛ د. رازاو گوڵێ، وەک رێزلێنانێک بۆ کار و چالاکییە بەردەوامەکانی لە بواری مافەکانی ژنان و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان.
خەڵاتی یەکسانی، ساڵانە لەلایەن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی شاری سلێمانییەوە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییانەی رۆڵی کاریگەریان لە خەباتی یەکسانیخوازی کۆمەڵگەدا هەبوە، ئەم خەڵاتە لە ساڵانی رابردودا بە چۆمان هەردی، کارین مۆلدۆخ و بەهار مونزیر بەخشراوە.
تۆڕی ٨ـی مارس کە خەڵاتەکەی دابین کردوە، د. رازاوی وەک نمونەیەکی باڵای کۆڵنەدان ناساند، تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو وەک پارلەمانتاری پێشو و لەڕێگەی کەمپینەکانی وەک (ناوی من ناوی دایکمە) و (هاوپەیمانی ١٨٨)، رۆڵێکی پێشەنگی لە پاراستنی مافە یاساییەکاندا هەبوە.
جەختیش کرایەوە کە چالاکییەکانی د. رازاو تەنها یاسایی نین، بەڵکو لەڕوی مەیدانییەوە لە هاوکاریکردنی کچانی ئێزدی و پرسە گشتییەکاندا ئامادەیی بەردەوامی هەبوە، ناوبراو ئێستاش لەڕێگەی رێکخراوەکانی (خەڵک بۆ گەشەپێدان) و (ئازادبون) بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.