چالاکێکی ژنان: لە دو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ١٣ ژن کوژراون
ھەواڵ
2026/03/06 , بینین : 90


* نەوژین

چالاکێکی بواری ژنان ئامارێکی نوێ دەربارەی توندوتیژییەکانی ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێن تەنها ژمارە نین، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارن بۆ کۆمەڵگە".

شەدە بەشیر، چالاکی بواری ژنان، بە ماڵپەڕی نەوژینی رایگەیاند: بەپێی ئەو ئامارانەی لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە کۆمکردونەتەوە، لە ماوەی تەنها دو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ’١٣’ ژن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دا کوژراون.

باسیلەوەشکرد: ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن کە ژنان لە مەترسیدان و توندوتیژی دژی ژنان هێشتا کێشەیەکی قوڵ و چارەسەرنەکراوە.

ئەم ئامارانەش لەکاتێکدان کە حکومەت خۆی لە بڵاوکردنەوە و راگەیاندنی ئاماری حاڵەتەکانی تاوانی کوشتنی ژنان بەدور دەگرێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئاماری حاڵەتەکانی دیکەی توندوتیژی دژی ژنانیش بڵاوناکاتەوە.

بەوتەی شەدە بەشیر، نابێت کوشتنی ژنان وەک روداوێکی ئاسایی سەیر بکرێت، بەڵکو "پێویستە یاساکان بە توندی جێبەجێ بکرێن و تاوانباران سزای دادپەروەرانە بدرێن".

وتیشی: پاراستنی ژنان ئەرکە و لە ئەستۆی حکومەتدایە، چونکە نەبونی کاردانەوەی جدی دەبێتە هۆی دوبارەبونەوەی ئەم تاوانانە.

زۆرترین بینراوەکان