* نەوژین
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، دو چەکداری ماتۆڕسوار تەقەیان لە چالاکوانی ژنان و سەرۆکی رێکخراوی ئازادیی ژنان لە عێراق- یەنار محەممەد کرد و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی (بنوک) لە بەغدا تیرۆریان کرد.
رێکخراوی ئازادیی ژنان لە بەیاننامەیەکدا بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە مەرگی یەنار محەممەدی راگەیاند، کە ژیانی خۆی تەرخان کردبو بۆ بەرگریکردن لە ژنانی قوربانیی توندوتیژی و بازرگانیپێکردن، هەروەها رۆڵی سەرەکی هەبو لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی چەندین ماڵی داڵدەدان کە سەدان ژنیان لەخۆگرتبو.
لە بەیاننامەکەدا هاتوە: "یەنار دەنگێکی بوێری ژنان بو کە لە روبەڕوبونەوەی هەمو جۆرەکانی توندوتیژیی و جیاکاریی، سەرباری هەڕەشە و هەڵمەتەکانی هاندان دژی، هەرگیز پاشەکشەی نەکرد".
رێکخراوەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو "تاوانە ترسنۆکانە" دەکات و بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەباتی ژنان و بەهاکانی ئازادیی و یەکسانیی دەزانێت. داواش لە دەسەڵاتداران دەکات دەستبەجێ تاوانباران و ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم کارەوەن ئاشکرا بکەن و سزای یاسایی بدرێن.
یەنار محەممەد کێ بو؟
یەنار محەممەد، لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا لەدایکبوە، یەکێک بو لە دیارترین چالاکوانە فێمینیست و مافپەروەرەکانی عێراق. لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆس و لە ١٩٩٣ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی تەلارسازیدا لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. ماوەیەک لە کەنەدا ژیاوە و دوای ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە عێراق بۆ دەستپێکردنی خەباتی مەیدانی و مافپەروەری.
وێستگەکانی ژیان و خەباتی
لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشدارییکرد لە دامەزراندنی رێکخراوی ئازادیی ژنان لە عێراق (OWFI) و بوە سەرۆکی رێکخراوەکە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەمین تۆڕی ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی لە عێراق بۆ پاراستنی ژنان لە تاوانەکانی شەرەف و بازرگانیپێکردن بە مرۆڤ و توندوتیژیی خێزانی دروستکرد، کە دواتر بۆ چەند شارێکی دیکەی عێراق فراوان بو.
لەبواری رۆژنامەوانییشدا، سەرنوسەری رۆژنامەی "المساواة" بو کە مینبەرێک بو بۆ بانگەشەکردن بۆ یەکسانیی تەواو و مافەکانی ژنان.
ئەو لەپای ئازایەتی و خەباتی بێوچانی، چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی گرنگی پێبەخشراوە، لەوانە: خەڵاتی رافتۆ (Rafto Prize) لە نەرویج لە ساڵی ٢٠١٦ لەپای پاراستنی کەمینەکان و ژنان، خەڵاتی گروبەر (Gruber Prize) بۆ مافەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٨، خەڵاتی ئیلینۆر رۆزڤێڵت بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا لە ساڵەکانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٣ و دواجاریش خەڵاتی مافی مرۆڤی فەرەنسی-ئەڵمانی کە لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٥ وەک رێزلێنانێک بۆ رۆڵی لە پاراستنی ژنانی عێراقیدا پێیبەخشرا.