بارگرانی بیرکردنەوە؛ بۆچی ژنانی فەرمانبەر دوای پشودانیش هێشتا ماندون؟
ھەواڵ
2026/02/27 , بینین : 48


* نەوژین

زۆرێک لە ژنانی فەرمانبەر، سەرباری پشودانی جەستەیی و خەوتنی پێویست، هێشتا بە دەست ماندوبونێکی قورس و بەردەوامەوە دەناڵێنن، پسپۆڕێکی دەرونی، لەڕێگەی "نەوژین"ـەوە پەردە لەسەر هۆکاری ئەم حاڵەتە لادەبات و دەڵێت: ئەوەی ژنان پێوەی دەناڵێنن ماندوبونی جەستە نییە، بەڵکو بارگرانیی بیرکردنەوەیە کە تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا مێشک راناگرێت.

مێشکێک کە هەرگیز پشو نادات

ئەم بارگرانییە بریتییە لەو کارە "نەبینراوەی" مێشک کە تێیدا ژنان بەردەوام خەریکی پلاندانان و رێکخستنی وردەکارییەکانی ژیانن، د. پگا سەیدی، پسپۆڕی دەرونی رونی دەکاتەوە کە مێشکی ژن بەردەوام لە پرسیارکردندایە: "بۆ بەیانی چی لێ بنێم؟ کێ مناڵەکە دەباتە قوتابخانە؟ پێداویستییەکانی ماڵ چییان کەمە؟”، ئەم جۆرە لە کارکردن وەک ماندوبونی جەستە نییە بە پشودانێکی کاتی کۆتایی بێت، بەڵکو پرۆسەیەکی بێوچانە و وزەی مێشک دەخوات، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەو شەکەتییە دەرونییە قورسەیە.

بەڕێوەبەری نەبینراو و شەکەتیی بڕیاردان

ژن لەناو ماڵدا تەنها جێبەجێکاری ئەرکەکان نییە، بەڵکو رۆڵی "بەڕێوەبەری نەبینراو" دەگێڕێت، ئەم رۆڵە بریتییە لە پێشبینیکردنی کێشەکان و بڕیاردانی بەردەوام لەسەر هەمو وردەکارییەک، د. پگا دەڵێت: کاتێک مێشک ناچار دەبێت لە یەک کاتدا چەندین بڕیار بدات، توشی حاڵەتێک دەبێت بەناوی (شەکەتیی بڕیاردان)، چونکە پلاندانان پێویستی بە ئاگاییەکی تەواوە و مێشک ناتوانێت وەک کارە جەستەییەکان بە شێوەی ئۆتۆماتیکی ئەنجامی بدات، ئەمەش ماندوبونەکە قوڵتر دەکاتەوە.

کاتێک مێشک ئازاری جەستە دەدات

کاریگەرییەکانی ئەم فشارە تەنها لە سنوری دەروندا نامێننەوە، بەڵکو راستەوخۆ جەستە دەپێکن، نیشانەکانی وەک: لەبیرچونەوە، کەمبونەوەی تەرکیز و توڕەبونی خێرا، تەنها سەرەتای کێشەکەن، ئەم پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەکات کە دڵەڕاوکێی بەردەوام ئاستی هۆرمۆنی "کۆرتیزۆڵ" لە خوێندا بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرئێشەی درێژخایەن، گرژبونی ماسولکەکانی مل و شان و لاوازبونی سیستمی بەرگریی لەش.

بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش نەک یارمەتییەکی کاتی

د. پگا جەخت دەکاتەوە کە هەوڵدانی ژنان بۆ "نمونەیی بون" دەرئەنجامی پەروەردەیەکی کلتورییە نەک هەڵەی خۆیان، بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارە، رێنمایی ژنان دەکات کە سنور بۆ وزەی خۆیان دابنێن و فێری بن بڵێن "نەخێر”.

هاوکات پەیامێکی راستەوخۆ ئاڕاستەی پیاوان دەکات و دەڵێت: "هاوکاریی راستەقینە تەنها جێبەجێکردنی کارەکان نییە، بەڵکو دەبێت پیاوانیش لە بەرپرسیارێتیی بیرکردنەوە و پلانداناندا هاوبەش بن، چونکە ئەمە ئەرکێکی هاوبەشە و نابێت تەنها لەسەر شانی ژن بێت.

زۆرترین بینراوەکان