پسپۆڕێکی دەرونی: ئابوری سەربەخۆ ژنان لە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەپارێزێت
ھەواڵ
2026/02/23 , بینین : 51


* نەوژین

هەبونی داهاتی سەربەخۆ و کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، تەنها لایەنێکی مادی نییە بۆ ژنان، بەڵکو پسپۆڕێکی دەرونی ئاشکرایدەکات: بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەهێزبونی کەسایەتی، بەدەستهێنانی مافی بریاردان و پاراستنی ژنان لە نەخۆشییە دەرونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەراوکێ.

بڕیاری ئازاد؛ لە گیرفانەوە دەستپێدەکات

نازەنین عوسمان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و پسپۆری دەرونی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئابوری سەربەخۆ کلیلی سەربەخۆیی تاکەکەسە، دەڵێت: ئەو کەسەی ئابورییەکەی لەدەست خۆیدایە، بێگومان بڕیارەکانیشی لەدەست خۆیدایە، ئەمەش وادەکات ئەگەر دڵەڕاوکێشی هەبێت، زۆر کەمتر بێت لە کەسێک کە ئابوری سەربەخۆی نییە.

بە بروای ئەو پسپۆڕە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ژێردەستەیی و دواکەوتنی ژنان بۆ پرسی ئابوری دەگەڕێتەوە، چونکە لە ئێستادا رێژەیەکی زۆری هەژاری لە ناو ژناندایە و سەرمایەکی زۆریش لە دەستی پیاواندایە، دەشڵێت: "مەسەلەی ئابوری کاریگەرییەکی زۆر زۆری هەیە بۆ ئەوەی  ژن سەربەخۆ بێت و لە دڵەڕاوکێ بە دوربێت.

کارکردن؛ تەنها پارە نییە

لەبارەی کاریگەری ژینگەی کار، نازەنین عوسمان باس لەوە دەکات: مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و تەنها تێکەڵبونی خێزانی بەس نییە بۆی، بەڵکو کارکردن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی پێدەبەخشێت و هەستی بەسودبونی لە لادروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسودەیی دەرونی و کەمبونەوەی بیرکردنەوەی نەرێنی.

دەشڵێت: زۆرجار بۆمان دێتەوە کە پیاوان بە ژن دەڵێن "تۆ ٧٠٠ هەزار وەردەگریت، من ملیۆنێکت پێدەدەم کار مەکە"، بەڵام مەسەلەکە تەنها لایەنی مادی نییە، بەڵکو کارکردن وادەکات ژن پەیوەندی هەبێت، را بگۆڕێتەوە و گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا دروست ببێت، کە ئەمانە دەبنە هۆی هاوسەنگی دەرونی.

بێزاری ژنانی ماڵەوە و جیاوازی ماندوێتییەکان

ئەو پسپۆڕە دەرونییە تیشک دەخاتە سەر دۆخی ژنانی ماڵەوە و رونی دەکاتەوە: بەهۆی ئەوەی کاری ناوماڵ کارێکی "دوبارەبوەوەیە" و لە کۆمەڵگەشدا وەک پێویست نرخ بەو ماندوبونە نادرێت، ژنانی ماڵەوە زیاتر توشی بێزاری و دڵەڕاوکێ دەبن.

سەبارەت بە جیاوازی ماندوێتی جەستەیی و دەرونی، نازەنین عوسمان وتی: ئەو کەسەی لە دەرەوە کاردەکات، هەرچەندە ئەرکەکەی قورس بێت و ماندو بێت، چونکە هەست دەکات کارەکەی سودی هەیە و پێگەی هەیە، کێشەی نییە، بەڵام ژنانی ماڵەوە چونکە لە ناوەوە بێزارن، بە سادەترین شت هیلاک دەبن، چونکە ماندوێتییەکەیان دەرونییە نەک جەستەیی، ئەمەش رێ خۆشکەرە بۆ توشبون بە خەمۆکی.

 

زۆرترین بینراوەکان