بەرگرییەک لەو ژنانەی بونەتە قوربانی عەقڵیەتی نێرینەی میدیا
2026/02/20 , بینین : 38


ئەرسەلان ر‌ەحمان

هەمو رۆڵگێڕان و دەرکەوتنێکی ژن لە شاشەدا، مانای گرنگیپێدان و بەشداریپێکردنێکی ئەرێنی نادات، بەشێک لەو ژنانەی لە شاشەکانەوە دەردەکەون، قوربانی بیرکردنەوەی نێرینەیین. 

خراپ کەڵکوەرگرتن لە ژن وەک (جەستە و چێژ)، نمایشکردنی جەستەی ژن لە شاشە وەک تۆڕی راوکردنی سەرنجی پیاوانەی کۆمەڵگە، دیارترین مۆرکی میدیای نێرانەیە.

لە بەشێکی زۆری کەناڵەکانی راگەیاندنی کوردیدا، ژنان جگە ئامادەییان وەک (ئامرازێکی هەرزان بۆ جوانکردنی شاشە، راکێشانی سەرنجی وەرگر، کۆکردنەوەی بینەر)، رۆڵێکی سەرەکی لە پڕۆسە پیشەییەکەی کاری میدیایی ناگێڕن.

ئەمە بەشێکی ژنانی میدیای کردوەتە بوکەڵەی دەستی عەقڵیەتی پیاوانەی کەناڵەکان و ئەستێرەی بە هەرا و کێشمەکێشی کۆمەڵگە. 

لە بەشێکی کەناڵ و دەزگا میدیاییەکاندا، ئەوە خواست، ئیرادە، توانای زانستیی و پیشەیی ژن نیە، بڕیار دەدات، دەبێت چی بکات و چی پێشکەش بکات؟، بەڵکو ئەو عەقڵی نێرینەی کەناڵە بڕیار دەدات، جەستەی فڵان ژن، دەنگی فڵان، روخساری فیساریان، بۆ چی باشە و دەبێت کەی دەربکەوێت؟.

بۆیە سەیر نیە، ئەو عەقڵیەتە بۆ راوی سەرنجی کۆمەڵگە دەنگ و جەستەی ژن بکاتە کەرستەی یاریکردن بە کەشی پەرستشی ئایینی خەڵک، بۆ عەقڵی نێرینەی میدیا گرنگ نیە، کاردانەوەکان چی دەبن، چەندێک کەسایەتی ئەو ژنانە دەکەوێتە بەر لێشاوی تیرۆری فیکرییەوە، گرنگ ئەوەیە کاردانەوەی کۆمەڵگەی سۆشیالمیدیا بەدوای خۆیاندا بهێنن، گرنگ ئەوەیە پەیجەکانیان ئەکتیڤ بێت.

بە گشتی لە بەشێکی کەناڵەکانی راگەیاندندا

* ژنان لە ناوەندی بڕیاری کەناڵەکان بێ بەشن.
ئەرکی بەرپرسیارێتی بەش و جومگە گرنگەکانی کەناڵیان پێ نادرێت.

* رۆڵیان لە (جوانکردنی شاشە، کاری لاوەکی، پەیامنێری لاوەکی، پەیوەندییەکان، پێشوازی) کورتدەکرێتەوە.

* پێوەری پیشەیی بۆ هەڵسەنگاندنی توانایان لە بەردەست نیە، جەستە و ئەندازەی سەرنجڕاکێشی روخسار، پێوەری سەرەکین بۆ بە ئەستێرەبونیان.

* ئەوانەیان، کە ئەرکی بێژەریان پێدراوە، زۆربەیان کاتی زێڕینی گەشتی هەواڵیان پێ نادرێت.

* ئەوانەیان ئەرکی پێشکەشکاری و پەیامنێرییان پێ دراوە، دەرفەتیان پێ نادرێت، بەرنامەی گرنگی سیاسیی لەتەک بەرپرسانی باڵا رێکبخەن، لە بابەتی گرنگی سیاسییدا پیاوان خۆیان دێنە پێشەوە.

* ئەرکی روماڵی بۆنە و جەژن و بابەتە سەرگەرمییەکان زۆرتر بە ژنان دەدرێت، بەو پێیەی جەستە و روخسار و بەرگی ئاڵوواڵایان لێ دێت و بابەتی سەرگەرمین.

* تەنانەت لە دواندن و میوانداری ژنانی خاوەنکار و کاربەدەستدا، عەقڵی پیاوانەی میدیا بەدوای ژنانێکدا دەگەڕێت، جێی بایەخی سەرنجی نێرینەیی کۆمەڵگە بن. 

* بۆ کاتە مردوەکانی شاشە، بۆ کاتی بێ ئەکتیڤی پەیجەکان، عەقڵی نێرانەی میدیا پەنا بۆ جەستەی ژن دەبات، ژن وەک کاڵایەک دەخاتە خزمەتی خۆیەوە بۆ کەمەندکێشی بینەر.

* لە گرێبەستی کاردا، مافی ژنان ژێر پێ دەخرێت. دەستنیشانکردنی موچە و پاداشت لەسەر بنەمای پێوەری پیشەیی نیە، زۆرینەیان رەچاوی دۆخی فسیۆلۆژیانەی ژنان ناکەن.

ژنانی میدیا لەبەردەم ئەگەرەکاندا


بەرپرسیارێتی ژن: لە نێو ئەو سیستمە پیاوانەی لە میدیادا رەگی داکوتاوە، ژنانێک کە فریوی دەرکەوتنی رواڵەتیانە دەخۆن، لەڕێگەوە دەبنە قوربانی، هاوکات بێدەنگی ئەو ژنانەی، کە درک بە یاریکردن بە جەستەیانەوە دەکەن و توانایەکیان بۆ هەڵبڕینی دەنگی (نا) نیە، هۆکارێکی سەرەکی درێژەدانی ئەو مامەڵە چەوتەیە.

بەڵام بەشێک لەو ژنانەی لە میدیادان، هەرگیز نەچونەتە ژێر باری ئەم یارییەوە، هەر بۆیە هەمیشە ئەو ژنانەی درک بە مەترسی عەقڵیەتە نێرینەییەکە دەکەن، روبەڕوی ستەم و پێشێلکردنی ماف دەبنەوە و تا دێت زیاتر کەنارگیر دەکرێن.

کاریگەرییەکانی:

ئەم جۆرە کارکردنە، دەبێتە پێوەر بۆ ژنانێک، کە ئارەزوی دەرکەوتن لە میدیادا دەکەن، یان خولیای کاری میدیاییان هەیە، وێنایەک لایان دروست دەبێت، کە مەرج نیە، هیچ بزانن، چونکە پێوەری سەرکەوتنیان توانای پیشەیی نیە.

کاتێکیش دەچنە نێو سیستمەکە، ئیدی پیاوانی دەوروبەریان، وەک زەڕنەقوتە باریان دەهێنن، ناهێڵێن فێر بن، هەمو شتێکیان بۆ ئامادە دەکەن، ئەرکی ئەوان تەنیا دەبێتە نمایشی جەستە، توتی سەر شاشە.

پێتان سەیر نەبێت! ژنە بێژەر هەیە تەمەنێک لەسەر شاشەیە، تا ئێستا ناتوانێت پێشەکی یان لیدێک بۆ هەواڵ بنوسێت، هیچ باکگراوندێکی مەعریفی لە بارەی پرسەکانی رۆژ لا گەڵاڵە نەبوە، بۆی گرنگ نیە بخوێنێتەوە، بۆیشی گرنگ نیە بیزانێت. 

وێڕای ئەم رەوشە، ژنانێکی خاوەن توانا و کەسێتی بەهێز هەن، مل نادەن بە خواستی عەقڵی نێرینەی میدیا، فەزڵی دەرکەوتنیان بۆ توانایان دەگەڕێـتەوە، بەڵام خۆیانیش دەزانن چەندێک دژایەتی دەکرێن لە پێناو بێ ڕۆڵکردنیان.
 


لە بواری رێکلامدا پرسی بەکارهێنانی جەستەی ژن بابەتێکی سەرەکی گفتوگۆ زانستیی و مرۆییەکانە، بۆیە لێرە بەسەرم نەکردوەتەوە.


زۆرترین بینراوەکان