لە پێشانگاوە بۆ خاوەندارێتی کارگە؛ ستارە سێ دەیەیە مۆبیلیات بەرهەمدەهێنێت
ئەزمونی من
2026/02/20 , بینین : 62


* نەوژین، هاوژین محەمەد

کاتێک باس لە پیشەسازیی مۆبیلیات و دارتاشی دەکرێت، زۆرجار وێنەی پیاوانمان دێتە بەرچاو، بەڵام لە قەزای سۆران خانمێک توانیویەتی ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، ئەو نەک تەنها وەک سەرپەرشتیار، بەڵکو وەک پیشەگەرێکی بەئەزمون ماوەی نزیکەی سێ دەیەیە لەنێو وردەدار و دەنگەدەنگی مشارەکاندا، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی دەنوسێتەوە و دەسەلمێنێت کە هیچ کارێک تەنها بۆ رەگەزێکی دیاریکراو نییە.

ستارە مستەفا، تەمەنی ٥٧ ساڵە و دانیشتوی خودی قەزای سۆرانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسنوری پارێزگای هەولێر. ئەو دایکی چوار مناڵە و خاوەنی مێژویەکی درێژە لە کارکردندا، بەهۆی ئەرکی دایکایەتییەوە نەیتوانیوە تەواوی خوێندنی دبلۆمەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەواو بکات، بەڵام لە ئێستادا یەکێکە لەو چەند ژنە کەمەی کە لەسەر ئاستی کوردستان توانیویەتی کارگەی مۆبیلیات بەڕێوەبەرێت.

هونەری دارتاشی؛ کارەکە چۆن ئەنجام دەدرێت؟ 

پرۆسەی کارکردن لە کارگەکەی ستارەدا، تێکەڵەیەکە لە هێزی جەستەیی و هونەری دەست، کارەکە لە بڕینی تەختە و دارەکان بەپێی نەخشە و قەبارەی داواکراو دەست پێ دەکات، پاشان قۆناغی سموغ (ئامادەکردنی روی دارەکە) دێت بۆ ئەوەی بۆ رەنگکردن ئامادە بێت.

یەکێک لە قورسترین و وردترین بەشەکان، بەشی درومان و لێدانی قوماشە لە مۆبیلیاتەکان، کە ستارە وەکخۆی دەڵێت: "لەگەڵ تیمەکە، بە وردکارییەکی زۆرەوە ئەنجامی دەدەین تا بەرهەمێکی کوالیتی بەرز پێشکەش بە کڕیاران بکەین".

لە پێشانگاوە بۆ خاوەندارێتی کارگە

ستارە باس لە سەرەتای کارەکەی دەکات کە چۆن لە پێشانگایەکی بچوکەوە دەستی پێکردوە و دواتر بیرۆکەی دامەزراندنی کارگەی بۆ هاتوە، بۆ نەوژینی گێڕایەوە: "ئەوکاتەی بڕیارم دا تەنها فرۆشیار نەبم، بەڵکو خۆم بەرهەمهێنەر بم؛ لێرەوە سەرەتای سەرکەوتن دەستیپێکرد".

ستارە لەگەڵ هاوسەر و مناڵەکانیدا وەک تیمێکی یەکگرتو لە بەشە جیاوازەکانی دارتاشی، سموغ و دورمان کار دەکەن و بەرهەمەکانیان زیاتر لەسەر داخوازیی راستەوخۆی کڕیارانە.

هەلی کار بۆ خانمان؛ لە پێشینەی کارەکاندایە

ستارە ئاماژە بەوەدەکات رەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، لە پێشینەی گرنگیپێدانەکانێتی.

دەڵێت: تاوەکو خانمێک هەبێت بۆ کارەکە، پیاوان وەرناگرم، چونکە دەمەوێت رێگەکەیان بۆ ئاسان بکەم و بیسەلمێنم کە ژنانیش دەتوانن لەم بوارەدا کاری گەورە ئەنجام بدەن. 

ئاستەنگەکان و تێڕوانین بۆ داهاتو

هەرچەندە دۆخی بازاڕ و بێکاری کاریگەریی کردوەتە سەر کارەکەی و لە ئێستادا تەنها یەک کارمەندی هەیە ئەویش ژنێکە لە بەشی درومان لەگەڵیدایە، بەڵام ستارە بە ئومێدەوە سەیری داهاتو دەکات.

دەڵێت: "پڕۆژەی داهاتوم  فراوانکردنی کارگەکەمە تاوەکو بتوانم ژمارەیەکی زیاتر لە ژنانی بێکار بخەمە سەر کار و بیسەلمێنم کە توانای ژنان هیچ سنورێکی نییە".

زۆرترین بینراوەکان