ساڵی رابردو زیاتر لە ٣٦ هەزار توندوتیژیی خێزانی لە عێراق تۆمارکراوە
ھەواڵ
2026/02/19 , بینین : 26


* نەوژین

ئامارە نوێیەکان وێنەیەکی نالەباری ناو خێزانەکان نیشان دەدەن؛ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات: لە ماوەی ساڵێکدا هەزاران ژن و مناڵ روبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە و بەشێکی زۆری ئەو حاڵەتانەش لەناو ماڵ و لەلایەن هاوسەرەکانەوە ئەنجامدراون.

وردەکاریی ئامارەکان؛ توندوتیژیی هاوسەری لە پێشەنگدایە

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا، ٣٦,٢٨٩ حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون، راپۆرتەکە تیشکدەخاتە سەر ئەوەی کە توندوتیژیی نێوان هاوسەران بەرزترین رێژەی هەیە، بەشێوەیەک ١٩,٥٨٧ حاڵەتی دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر ژنان تۆمارکراوە.

راپۆرتەکە جەختدەکاتەوە کە ئەم ژمارانە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە توانیویانە لە بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕن و سکاڵای فەرمی تۆمار بکەن، لە کاتێکدا واقیعی مەیدانی بەهۆی "شورەیی کۆمەڵایەتی" و نەبونی پاراستنی پێویست، زۆر لەوە مەترسیدارترە.

کەلێنە یاساییەکان و دەربازبون لە سزا

راپۆرتە ئەکادیمییەکە رەخنەی توند لە ماددەی ٤١ـی یاسای سزادانی عێراقی دەگرێت، کە رێگە بە "مافی تەمێکردن" دەدات. ئەم دەقە یاساییە بوەتە چەترێک بۆ ئەنجامدەرانی توندوتیژی تا لە سزا دەرباز بن، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ململانێ سیاسییەکان بونەتە رێگر لەبەردەم پەسەندکردنی "یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی"، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی بۆ پاراستنی قوربانییان دروستکردوە.

نەبونی ژێرخانی داڵدەدان

یەکێکی تر لە گرفتە سەرەکییەکان کە راپۆرتەکە تیشکیخستوەتە سەر، کەمیی خانەکانی داڵدەدانی حکومییە، ئەم کورتهێنانە وایکردوە زۆرێک لەو ژنانەی روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، لەبەر نەبونی پەناگەیەکی ئارام، ناچار بن بگەڕێنەوە بۆ لای دەستدرێژیکاران، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانیان دو هێندە دەکات.

راسپاردەکان بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانەکە

روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ چەند داواکارییەکی بەپەلەی خستەڕو، لەوانە: پەلەکردن لە هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٤١ـی یاسای سزادان کە رێگە بە توندوتیژی دەدات، کردنەوەی خانەی ئارامی داڵدەدان لە هەمو پارێزگاکان بۆ پاراستنی قوربانییان و دورخستنەوەی پاراستنی خێزان لە ململانێ و بەکارهێنانی سیاسی.

زۆرترین بینراوەکان