نەوژین
تەرمی ژنێک لەنێو روباری زێی گەورە لە سنوری قەزای بەردەڕەش، دەرهێنرا و پۆلیس دەڵێت: بە گومانی 'کوشتن' لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئاکرێ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادار کراونەتەوە لە هەبونی تەرمێکی نەناسراو لە نێوان گوندی "هەنجیرۆک" و کۆمەڵگەی بەشیریان" لەناو روباری زێی گەورە، دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی، تەرمەکە لە ئاوەکە دەرهێنراوە.
پۆلیس دەڵێت: تەرمەکە ژنێکە و جلوبەرگی کوردی لەبەردایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەناو ئاودا ماوەتەوە، جەستەی تێکچوە و نەتوانراوە تەمەن و ناسنامەکەی دیاری بکرێت.
بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەردەڕەش، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم روداوە بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی (کە تایبەتە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست) کراوەتەوە، لە ئێستاشدا تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ورد و دیاریکردنی هۆکاری راستەقینەی گیان لەدەستدانەکەی.