* نەوژین
تۆڕی ژنانی عێراق لە میانەی بەشدارییان لە کۆبونەوەکانی لیژنەی "سیداو" لە جنێڤ، هۆشدارییان دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تێکچونی دۆخی مافەکانی ژنان و زیادبونی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق.
تۆڕەکە راپۆرتێکیان لە کۆبونەوەکەدا پێشکەشکرد کە گرنگترین خاڵەکانی بریتین لە:
یاسای ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٢٥: تۆڕەکە رەخنەی توند لەم یاسایە دەگرێت کە هەمواری یاسای باری کەسێتییە و بە پێشێلکارییەکی گەورەی دەستور و مافەکانی مرۆڤی دەزانێت، چونکە رێگە بە هاوسەرگیریی مناڵان دەدات و مافی نیشتەجێبون لە ژنانی تەڵاقدراو زەوتدەکات و ماوەی مانەوەی مناڵ لای دایکی کەمدەکاتەوە.
سەرکوتکردنی چالاکوانان: ئاماژە بە بونی هەڵمەتێکی رێکخراو بۆ ناوزڕاندن، هەڕەشەی کوشتن و دەستگیرکردنی چالاکوانانی مافی ژنان و رێکخراوە مەدەنییەکان کراوە.
توندوتیژیی خێزانی: تۆڕەکە جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی نەبونی یاسایەکی تایبەت بۆ سزادانی توندوتیژیی خێزانی، رێژەی تاوانەکان لە ناو خێزاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
تۆڕی ژنانی عێراق، کە نوێنەرایەتی ٩٠ رێکخراو دەکات، داوای لە حکومەتی عێراق کرد پابەندی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بێت و کار بکات بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و پاراستنی مافە یاساییەکانی ژنان.