* نەوژین
بڕیارە لە ٢٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، حکومەتی نوێی هۆڵەندا بە فەرمی رابگەیەنرێت و تێیدا "دیلان یەشیلگۆز"، سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی (VVD)، پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە وەربگرێت.
ئەم بڕیارە دوای رێککەوتنی سێ پارتی سەرەکی (D66، VVD، CDA) هات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی، کە تێیدا "رۆب ییتن" سەرۆکایەتی کابینە نوێیەکە دەکات.
وەرگرتنی وەزارەتی بەرگری لەلایەن یەشیلگۆزەوە لە کاتێکدایە کە ئەوروپا و هۆڵەندا لەژێر فشارێکی گەورەی ئەمنیدان و پابەندییەکانیان لە چوارچێوەی "ناتۆ" لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
دیلان یەشیلگۆز کێیە؟
دیلان یەشیلگۆز، لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئەنقەرە لەدایکبوە. ئەو لە باوکێکی کورد و دایکێکی تورکە. باوکی کە خەڵکی ناوچەی "دێرسیم"ـی باکوری کوردستانە، دوای کودەتای سەربازیی ساڵی ١٩٨٠ـی تورکیا، بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە وەک پەنابەر روی لە هۆڵەندا کردوە و دیلانی کچیشی لە تەمەنی ٧ ساڵیدا چوەتە ئەو وڵاتە.
یەشیلگۆز لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژەی بە رەچەڵەکە کوردییەکەی کردوە و باس لەوە دەکات کە خێزانەکەی بەهۆی چەوساندنەوەی سیاسییەوە وڵاتیان جێهێشتوە، لەم دواییانەشدا بە فەرمی دەستبەرداری رەگەزنامەی تورکی بوە.
دیلان بە یەکێک لە ژنە بەهێزەکانی ناو کایەی سیاسیی هۆڵەندا دادەنرێت و پێشتر پۆستی وەزیری داد و ئاسایشی لەو وڵاتەدا وەرگرتوە.
پۆستە نوێیەکەشی وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری، وەرچەرخانێکی گرنگە لە مێژوی سیاسیی ئەو وڵاتە و کۆمەڵگەی کۆچبەران و کوردانی تاراوگە.