* نەوژین
لە سەیدسادق برایەک خوشکەکەی بە گوللە کوشت، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: کاتژمێرێک دوای روداوەکە و بەپێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرمان کردوە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، لە گوندی تاسڵوجەی سەر بە قەزای سەیدسادق، کوڕێکی تەمەن ١٣ ساڵ بە چەک خوشکە ١٨ ساڵانەکەی خۆی بریندار کرد، کە دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای گەیشتنی مەفرەزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی روداوەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، توانرا لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبار (ئـ، س، ع) دەستگیر بکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئەو چەکەشدا کە تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردوە، تۆمەتبارەکە لەدایکبوی ساڵی ٢٠١٣ـەیە و خوشکەکەشی (ئـ، س، ع) لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٨ بوە، لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی (٤٠٥) لە یاسای سزادانی عێراقی و بەبڕیاری دادوەر راگیراوە، ئەم ماددەیە تایبەتە بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست بەبێ پلانی پێشوەختە، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی روداوەکە بەردەوامن.