لێزان دزەیی 'فیشەک' دەکاتە ماکیاژ؛ “دیزاینەکە بۆ پاڵپشتیە لە رۆژئاوا”
ھەواڵ
2026/01/28 , بینین : 75


* نەوژین

لێزان دزەیی، خانمە کارساز لە بواری ماکیاژ، لەڕێگەی نەوژینەوە ئاشکرایدەکات کە یەکەم پارچە ماکیاژی نێودەوڵەتی کوردی بە شێوەی فیشەک بە ناوی "گوڵە زەر" بەرهەم هێناوە، ئەم پارچەیەی وەک رێزێک بۆ مێژوی پێشمەرگە و نیشانەیەک بۆ خۆڕاگریی کوردانی رۆژئاوا دیزاین کردوە. 

لێزان دزەیی، ژنێکی کوردی لەدایکبوی شاری هەولێر و دانیشتوی وڵاتی هۆڵەندایە، ماوەی چەند ساڵێکە کاری هونەری و بازرگانی لە بواری جوانکاریی خانمان دا دەکات، لە نوێترین کاریدا سوراوێکی بە دیزاینی گوللە خستوەتە بازاڕەوە و بە وتەی خۆی “وەک پاڵپشتیەکە لە رۆژئاوا و پێشمەرگە”. 

ئەو دەڵێت: ئەمڕۆ ئێمە ئەم هێمایە بە واتایەکی قوڵترەوە هەڵدەگرین، وەک هاوخەمی و هاوپەیمانییەک بۆ رۆژئاوا؛ نیشانی دەدەین کە لە نێوان هەمو ناخۆشییەکاندا، ناسنامەمان وەک خۆی بەتین دەمێنێتەوە.

لێزان لەڕێگەی براندەکەی کە بەناوی ‘لیزان دزەیی بیوتی’ـیەوەیە، پێشتریش چەند بەرهەمێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی خستوەتە بازاڕەوە کە رەگی لە ناو کولتوری کوردیدا چەسپاوە، لەوانە: پالێتی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بڵەشی قەڵای هەولێر و بریقەدارەکانی کوردستانی زێڕین.

بۆ لێزان دزەیی، جوانی تەنها روکەش نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری، ئەو دەڵێت: وەکو هەمیشە بەشێکی داهاتی براندەکەم تەرخان کردوە بۆ ئەو مناڵانەی دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ناگات، ئامانجم ئەوەیە براندەکەم ببێتە ئامرازێک بۆ بەخشینی هیوا بە مناڵانی جیهان و بەرەنگاربونەوەی برسییەتی.

دەشڵێت: من تەنها ماکیاژ دروست ناکەم بۆ فرۆشتن، بەڵکو دەمەوێت رۆحی کوردستان لەگەڵ جیهان دابەش بکەم و نیشانی بدەم کە داهێنان دەتوانێت رێز لە نەریت بگرێت و داهاتویەکی مرۆیی بنەخشێنێت.

 

زۆرترین بینراوەکان