لە حەلەبەوە بۆ قامیشلۆ بە سکێکی بڕاوەوە؛ رەنگین مێژویەکی نوێی بۆ ‘هێزی دایک’ نوسی
ھەواڵ
2026/01/25 , بینین : 173


* نەوژین

لە کاتێکدا مەرگ لە ئاسمانی حەلەبەوە دەباری، رەنگین لەنێوان دو بژاردەدا بو: تەسلیمبون بە ئازاری ئەو پارچە ئاسنەی سکی بڕیبو، یان شەڕکردن بۆ پاراستنی ئەو ژیانە نوێیەی لە ناخیدا هەڵیگرتبو، چیرۆکی رەنگین تەنیا چیرۆکی ئاوارەیی نییە، بەڵکو چیرۆکی موعجیزە کە تێیدا ژیان بەسەر ئاسن و بۆمب سەرکەوت.

دایکێک لە ئاگر؛ رەنگین و کۆچی بە ‘گاگۆڵکێ’

رەنگین محەمەد (٣٤ ساڵ)، کاتێک لە گەڕەکی شێخ مەقسود لەژێر بۆردومانی درۆنەکاندا بو، پارچەیەکی بۆمب سکی دەبڕێت، ئەو وەک هەر دایکێک، لەو ساتەدا بیری لای ئازاری خۆی نەبو، بەڵکو هەمو خەمی پاراستنی سێ مناڵەکەی و ئەو کۆرپەیە بو کە لە سکیدا بوە.

وەک کامەران عوسمان، بەرپرسی تیمی کوردستانی CPT بۆ نەوژینی گێڕایەوە: “رەنگین بەو زامە قورسەوە و بە گاگۆڵکێ خۆی گەیاندە نەخۆشخانە، بەڵام پزیشکەکان بەهۆی مەترسی لەسەر کۆرپەکە، نەیانتوانی دەستی بۆ بەرن، ناچار بو ئازارەکە لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت و لە حەلەبەوە بەرەو قامیشلۆ کۆچ بکات، لەکاتێکدا پارچە ئاسنەکە لەناو جەستەیدا بو”.

موعجیزەی لەدایکبون: ئاسن و کۆرپە پێکەوە هاتنە دەرەوە

ئەو ساتەی هەموان چاوەڕێی مەرگیان دەکرد، ژیان رێگای خۆی دۆزییەوە، لە قامیشلۆ و لە کاتی مناڵبون دا، روداوێکی دەگمەن رویدا؛ ئەو پارچە ئاسنەی کە چەند رۆژێک لەناو جەستەی رەنگین دا مابوەوە و هەڕەشەی لە ژیانی دەکرد، لە ساتەوەختی لەدایکبونەکەدا و لەگەڵ کۆرپەکەدا بەبێ نەشتەرگەری هاتە دەرەوە، ئەمە تەنیا لەدایکبون نەبو، بەڵکو رزگاربونێکی دوبارەی دایکەکە و کۆرپەکەش بو لەو مەرگەی کە بۆیان نێردرابو.

دەنیز؛ ناوێک بۆ زیندوکردنەوەی قارەمانێتی

رەنگین و هاوسەرەکەی، ناوی کچەکەیان نا ‘دەنیز’. ئەم ناوە هەڵگری پەیامێکی قوڵی وەفادارییە بۆ ئەو کچە شەڕڤانەی کە چەند رۆژێک پێش ئەوە لە حەلەب شەهید کرا و تەرمەکەی لە باڵەخانەیەک فڕێدرایە خوارەوە.

رەنگین، بە بەرپرسی تیمی کوردستانی CPTـی وتوە: بەم ناوە ویستم بسەلمێنم کە: گەر دەنیزێکی شەڕڤان لەسەر زەوی بکەوێت، دەنیزێکی تر لەناو پشکۆی جەنگ لەدایک دەبێتەوە.

ژیان لە پەناگەیەکی سارددا

ئێستا ‘دەنیز’ـی بچکۆلە و رەنگینی دایک، لە ژورێکی ساردی پەیمانگایەک لە قامیشلۆ پەنادراون، هەرچەندە برینەکانیان هێشتا سارێژ نەبوە و لە دۆخێکی تەندروستی و گوزەرانی خراپدان، بەڵام چیرۆکی ئەوان وەک سیمبولی خۆڕاگری ژنی کورد دەمێنێتەوە؛ دایکێک کە بە سکێکی بڕاوەوە کۆچی کرد و کۆرپەکەی هێنایە دونیاوە.

زۆرترین بینراوەکان