دالیا عەلی؛ بەڕێوەبەری کۆنترین و مێژوییترین باخی سلێمانی
ئەزمونی من
2026/01/18 , بینین : 1,369


* نەوژین، لیدا مەریوان

لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی و لە دەستپێکی شەقامی سالم، باخێک هەیە کە تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ لە تەمەنی شارستانیی سلێمانی کەمترە، ‘باخی گشتی’ کە لە ساڵی ١٩٣٧ دروستکراوە، ئێستا لەلایەن خانمە ئەندازیارێکی گەنجەوە بەڕێوەدەبرێت کە ئەرکی پاراستنی بەتەمەنترین دارەکانی شارەکەی لەسەر شانە.

دالیا عەلی، ئەندازیاری کشتوکاڵ و دایکی دو مناڵ، لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی دەستبەکار بوە، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بەهۆی عەشقێکی قوڵ بۆ خاک، گواستییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان و پاش چەند ساڵێکیش وەک بەڕێوەبەری باخی گشتی و باخچەکانی ناو بازاڕ دەستبەکار بوە.

ئێستا دالیا نەک تەنیا بەڕێوەبەر، بەڵکو وەک پارێزەرێکی خەزێنەیەکی ژینگەیی و مێژویی دەردەکەوێت کە لە سەرای سلێمانییەوە تاوەکو شەقامی قەنات لەژێر چاودێری ئەودایە.

باخی گشتی؛ مۆزەخانەیەکی زیندو

ئەو شوێنەی دالیا بەڕێوەی دەبات، تەنیا ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشە سەوزایی نییە، بەڵکو مێژویەکە، لە ساڵی ١٩٣٧ـەوە لەلایەن مەجید یەعقوبی مۆتەسەریفی سلێمانی و مەحمود ئەفەندی سەرۆکی شارەوانی سلێمانییەوە بناغەی نراوە.

بە نزیکەیی ٥٠٠ داری تێدایە و وەک دارستانێکی بچوک لە ناو جەرگەی شاردا دەردەکەوێت، کە نزیکەی ٢٠٠ داریان وەک ناسنامەی باخەکە دەبینرێن و تەمەنیان لە سەرو ٥٠ ساڵەوەیە، دالیا ئێستا بەرپرسە لە پاراستنی ئەم دارە رەسەنانە وەک (تو، قەزوان و سورە چنار) کە بەتەمەنترین داریان تەمەنی ٧٨ ساڵە.

ئەو دەڵێت: ئەوەی کارەکەی من تایبەتتر دەکات، پاراستنی ئەو رێڕەوانەیە کە بە ناوی شاعیرانی گەورەی وەک (فایەق بێکەس، دیلان و شێركۆ بێکەس) ناونراون، چونکە پیاسەکردن بەناو ئەم رێڕەوانەدا، گەشتکردنە لەناو مێژوی ئەدەبیی پایتەختی رۆشنبیریدا.

سەلیقەی ژنانە و داهێنان

دالیا نەیویستوە تەنیا پۆستێکی ئیداری هەبێت، بەڵکو رەنگێکی ژنانەی بە باخەکە بەخشیوە، وەکخۆی دەڵێت: جوانترین جۆری دەربڕینی خۆشەویستی بۆ ئەم باخە، پاراستنی دارەکان و بە سەوز هێشتنەوەیانە، بۆ ئەم مەبەستەش، ژورێکی نوێم بۆ روەکی جوانی و حەوزی ماسی رەنگاوڕەنگ کردەوە، تا نیشانی بدەم کە ژنێک دەتوانێت بە سەلیقەی خۆی، رۆحێکی نوێ بە باخە کۆنەکەی شار ببەخشێت.

"خزمەتکردن زمانی منە”؛ ئەم خانمە ئەندازیارە، کە رۆژانە لەگەڵ تیمەکانیدا خەریکی هەڵپاچین و ئاودانی دارەکانە، بڕوای وایە کە کارەکەی جۆرێکە لە عەشق، بەدەم پیاسەکردن بەنێو باخەکەدا، بۆ نەوژین وتی: لەوانەیە شێوازی دەربڕینی خۆشەویستی من جیاواز بێت، من بە خزمەتکردن، سۆزی خۆمم بۆ ئەم دارانە دەردەبڕم.

زۆرترین بینراوەکان