* نەوژین
"ئەو کەسایەتییەی کۆمەڵگەی کوردستان بە دیدگا دواکەوتوەکانی دەیناسن، جارێکی دیکە بە گوتارێکی پڕ لە رق و کینە هێرشی کردەوە سەر شکۆ و پێگەی ژنان؛ ئەو کەسێکە هەست بە هیچ بەرپرسیارێتییەک ناکات و سەکۆکانی بۆ سوکایەتیکردن بە هەمو بەهاکان بەکاردەهێنێت." ئەمە دەسپێکی لێدوانێکی توندی شەدە بەشیر، چالاکی بواری مافەکانی ژنانە بۆ نەوژین، وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی مەلا مەزهەر.
ئازادی رادەربڕین یان سوکایەتی؟
مەلا مەزهەر دوابەدوای قسەکانی لەبارەی ژنانی شەڕڤان، لە لێدوانێکی دیکەدا وتی "من رای خۆمم وتوە و ئەمە ئازادی رادەربڕینە"، لە وەڵامی ئەمەدا شەدە بەشیر بە نەوژینی راگەیاند: "لێدوانەکانی ناوبراو بە هیچ جۆرێک ناچنە خانەی ئازادی رادەربڕین، ئەو بە ئاشکرا سوکایەتی بە شکۆ و ئیرادەی گەلێک کرد لەڕێگەی بێڕێزیکردن بە شەرڤانانەوە، کە ئێستا سیمبولی بەرگریی کوردن، بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و دەستور، ئەم سوکایەتی و ناوزڕاندنانە سزای یاساییان لەسەرە.
میدیا و بەرپرسیارێتی
ئەو چالاکوانە هەروەها رەخنەی توند لەو دەزگایانە دەگرێت کە دەبنە سەکۆ بۆ ئەم جۆرە گوتارانە، وتی: ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە تەنها خودی ئەو نییە، بەڵکو ئەو راگەیاندنانەیە کە دەیکەنە مینبەر؛ لە کاتێکدا رون و ئاشکرایە ناوبراو چەندین جار بە لێدوانەکانی بوەتە هۆکاری بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی و ناوزڕاندنی توێژی ژنان بەتایبەتی.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو چالاکوانە جەختیکردەوە، چیتر بێدەنگ نابن لە ئاست تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵگە، "وەک تۆڕی هەشتی مارس و رێکخراوەکانی ژنان، داواکارین دادگا بڕیارێکی دادپەروەرانە و راشکاو بدات، بۆ ئەوەی چیتر رێگە نەدرێت ژەهری دواکەوتویی بڕێژرێتە ناو شیرازەی کۆمەڵگەوە".
مەلا مەزهەر خۆراسانی، لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی دا بەر لە دو رۆژ، وتی: لە ئایینی ئیسلامدا ژن دەبێت لە ماڵی خۆیدا دابنیشێت و چا بۆ مێردەكەی تێبكات، نەوەک چەكدار بێت، وەك ئاماژەیەكیش بۆ تەرمی ئەو ژنە شەڕڤانەی كە لەسەر بیناكەدا فڕێدرایە خوارەوە، وتی "شەڕڤان یەعنی چی و چی دەكات لەسەر بینا؟، ناوبراویش پێشتر بەهۆی لێدوانەکانییەوە لەبارەی پرسەکانی ژنانەوە، روبەڕوی رەخنەی توندی چالاکوانان بویەوە.