* نەوژین
تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ئافرەتانی کوردستان، وەڵامی ‘مەلا مەزهەر’ دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، شکاندنی شکۆی ژنانی تێکۆشەر خزمەتکردنە بە ئەقڵییەتی توندڕەوی و دواکەوتویی، دەشڵێت، "سکاڵای یاسایی لەسەر ناوبراو تۆمار دەکەین”.
بەرگری، نەک پاشکۆیی
تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان لە بەیاننامەیەکدا بۆ رای گشتی، جەخت دەکاتەوە کە ژنانی کورد "قەڵغانی پاراستنی خاک”ـن نەک پاشکۆی دیدگای تەسکی پیاوسالاری، لە بەیاننامەکەدا هاتوە: لە کاتێکدا ژنانی رۆژئاوا ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و جیهانیان سەرسام کرد، لێدوانی لەو شێوەیە بێڕێزییەکی گەورەیە بەو داستانە نەتەوەییانە”.
داوای رێکاری یاسایی دەکرێت
تۆڕەکە بە فەرمی رایگەیاندوە کە سکاڵای یاسایی دەخەنە پاڵ سکاڵاکەی "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ" و چەند داواکارییەکیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە:
داواکاری گشتی: پێویستە بە ئەرکی خۆی هەستێت و رێگە نەدات بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی خەباتی نەتەوەیی بکرێت.
دامەزراوە ئایینییەکان: پێویستە رێگری بکرێت لەوەی مینبەرەکان بکرێنە ئامرازی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و دژایەتیکردنی مافەکانی ژنان.
هۆشدارییەک بۆ ‘دژە یەکسانییەکان’
بەیاننامەکە بەم پەیامە کۆتایی دێت: با ئەوانەی دژی ئازادی و یەکسانین بزانن، کاروانی رزگاریخوازیی ژنانی کوردستان بەم جۆرە لێدوانە پڕوپاگەندانە ناوەستێت، چونکە مێژوی ئێمە بەو خوێنە دەنوسرێتەوە کە ژنان بۆ پاراستنی نیشتمان رشتویانە.
چی رویداوە؟
ئەم کاردانەوە توندەی رێکخراوەکانی ژنان دوای ئەوە دێت، کە ‘مەلا مەزهەر خۆراسانی’ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا هێرشی کردە سەر شێوازی خەبات و تێکۆشانی ژنانی رۆژئاوای کوردستان و بەشداریی ئەوانی لە پاراستنی نیشتماندا بە شێوەیەکی نەرێنی وەسف کرد، ئەم لێدوانانە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی گەورەی لە ناوەندە مەدەنی و مافپەروەرییەکاندا دروست کرد.