لە وەڵامی مەلا مەزهەردا؛ یەکێتی زانایان: چەک هەڵگرتنی ژنان ئەرکێکی پیرۆزی ئایینییە
ھەواڵ
2026/01/12 , بینین : 208

 

* نەوژین

لە وەڵامی لێدوانەکانی دوێنێی مەلا مەزهەر، کە تێیدا ئەرکی ژنی تەنها لە "خزمەتکردنی پیاو"ـدا کورت کردبوەوە، بەرپرسێکی یەکێتی زانایان دەڵێت: بەرگریکردن لە نیشتمان ماف و ئەرکێکی هاوبەشە و لە کاتی مەترسیدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژن و پیاودا نامێنێت.

مەلا ئیدریس ژاڵه‌یی، سه‌رۆكی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان، بە نەوژینی راگەیاند: هەرچەندە لە دۆخی ئاساییدا دابەشکاریی ئەرک هەیە، بەڵام کاتێک خاک و کەرامەت دەکەوێتە ژێر هەڕەشە، هاوکێشەکە دەگۆڕێت. 

رونیکردەوە: کاتێک 'نەفیری عام' رادەگەیەنرێت، بەرگری دەبێتە فەرزی عەین لەسەر هەموان؛ واتە ژنیش وەک پیاو نەک هەر بۆی هەیە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینییە لە مەیدانی جەنگدا بێت.

مێژو و دەقەکان چیمان پێ دەڵێن؟

بە پێچەوانەی ئەو بۆچونەی کە تەنها ژن لە چوارچێوەی ماڵدا دەبینێت، سەرۆکی زانایانی گەرمیان جەخت دەکاتەوە کە هیچ دەقێکی قورئانی یان فەرمودەیەک نییە تێکۆشانی ژنان حەرام بکات. 

ئەو وتی: بە درێژایی مێژوی ئیسلام، بەڵگەی راست و دروستمان هەیە کە ژنان لە کاتی زەرورەتدا چەکیان هەڵگرتوە، بۆیە بەو مەرجەی پابەندیی تێدا بێت، دەرچونی ژنان بۆ تێکۆشان کارێکی دروست و حەڵاڵە.

لە کۆتاییدا، مەلا ئیدریس ژاڵەیی رەخنەی لەو وتارە ئایینییانە گرت کە بۆ شکاندنی ورەی ژنان بەکاردێن و رایگەیاند: لە شەهیدبوندا جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نییە؛ هەرکەسێک لەپێناو نیشتمان و کەرامەتیدا بکوژرێت، لەلای پەروەردگار بە شەهید هەژمار دەکرێت.

مەلا مەزهەر خۆراسانی، دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ بوار نیوز، رایگەیاند: بەپێی دینی ئیسلام شەڕکردن ئیشی ژنان نییە و ئەرکی ئەوان تەنها ئەوەیە لەماڵەوە خزمەتی هاوسەرەکانیان بکەن.

زۆرترین بینراوەکان