٧٣ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ‘دایکی کورد’ـدا تێدەپەڕێت؛ حەپسەخان رابەری نیو سەدە لە رۆشنگەری
رەنگاڵە
2026/01/12 , بینین : 85


* نەوژین

ئەمڕۆ ٧٣ ساڵ بەسەر بێدەنگبونی ئەو دەنگەدا تێدەپەڕێت کە لە سەردەمی تاریکیدا، مۆمی رۆشنگەریی بۆ ژنانی کورد داگیرساند. حەپسەخانی نەقیب، تەنیا کچی "نەقیب" و هاوسەری "شێخ قادر" نەبو، بەڵکو ئەو سەرکردە مێینەیە بو کە لە سلێمانییەوە مۆدێلێکی نوێی لە کارکردنی سیاسی و مەدەنی بە نەتەوەیەک ناساند.

ساڵی ١٨٩١ کاتێک حەپسەخان لە سلێمانی لەدایکبو، ژینگەکە بە جۆرێک بو کە ژن تەنیا لە نێو چواردیواری ماڵدا دەبینرا، بەڵام ئەو بڕیاریدا ئەو دیوارانە بڕوخێنێت؛ حەپسە نەک وەک سێبەری پیاو، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی سەربەخۆ پێی نایە نێو کایە گشتییەکان. ئەو کاتەی سیاسەت تەنیا لە دیوەخانی پیاواندا قەتیس بو، ئەو ماڵەکەی خۆی کردە ناوەندێکی بڕیار و "پارلەمانێکی بچوک" کە تێیدا کێشە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان یەکلایی دەکرانەوە.

شوێنپەنجەی ئەم ژنە لە مێژوی نوێی کوردستاندا بە تۆخی دیارە، لە ساڵی ١٩٣٠ـدا، کاتێک چەمکی "رێکخراو" هێشتا بۆ زۆرینە نامۆ بو، ئەو "کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد”ـی دامەزراند و یەکەمین بناغەی کاری مەدەنیی داڕشت. هەر لەو ساڵەدا، کاتێک بینی دەنگی کورد ناگاتە ناوەندە جیهانییەکان، وەک دیپلۆماتکارێکی لێهاتو نامەی بۆ "کۆمەڵەی نەتەوەکان" لە جنێڤ نارد؛ ئەوە یەکەمجار بو ژنێکی کورد بە ناوی نەتەوەیەکەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قسە بکات.

بۆ حەپسەخان، رزگاریی راستەقینە لە پەروەردەوە دەستی پێ دەکرد، ئەو تەنیا هاندەری کچان نەبو، بەڵکو بە کردەیی بەشێکی ماڵەکەی خۆی کردە قوتابخانە و یەکەمین ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواریی بۆ ژنان لە سلێمانی کردەوە. تەنانەت لە ساڵی ١٩٤٦ کاتێک تاقانە کۆمارەکەی کورد لە مەهاباد پێویستی بە پشتیوانی بو، حەپسەخان بە سامان و زێڕ و پێگەی خۆیەوە بوە گەورەترین پشتیوانی ماددی و مەعنەوی بۆ پێشەوا قازی محەمەد.

حەپسەخانی نەقیب لە ١٢ـی کانونی دوەمی ١٩٥٣ کۆچی دوایی کرد، بەڵام نازناوی 'دایکی کورد’ـی وەک میراتێکی نەمر بەجێهێشت، ئەم نازناوە پاداشتی ئەو سۆزە بێسنورە بو کە حەپسەخان بە نەتەوەکەی بەخشی؛ ئەو تەنیا رابەر نەبو، بەڵکو باوەشێکی گەرم و پەناگەیەکی شکۆمەند بو بۆ هەژاران، شۆڕشگێڕان و هەمو ئەو ژنانەی کە لە ژێر چەترەکەیدا فێری بوێری و ئازادی بون.

زۆرترین بینراوەکان