شاری خانمان؛ دەسپێشخەرییەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نیشتەجێبونی ژنانی تەنیا
ھەواڵ
2026/01/10 , بینین : 218


* نەوژین

پارێزەرێک پڕۆژەی ‘شاری خانمان’ وەک ستراتیژێکی نوێ بۆ بەرەنگاربونەوەی تەنگژەی نیشتەجێبون دەخاتە بەردەم وەبەرهێنەران، ئەم پێشنیارە وەک وەڵامێکی مرۆیی و یاسایی بۆ ئەو فشارە دارایی و دەرونییانە دێت کە روبەڕوی ژنانی جیابوەوە یان تەنیا دەبێتەوە، بەتایبەت لەو بارودۆخانەی بەهۆی بۆشاییە یاساییەکانەوە مافی نیشتەجێبونیان لێ زەوت دەکرێت.

سۆزان حسێن، پارێزەر و خاوەنی بیرۆکەکە، زەرورەتی پڕۆژەکە بۆ ئەو واقیعە ناهەموارە دەگێڕێتەوە کە رۆژانە لە ناوەندە یاساییەکاندا دەیبینێت، بەوتەی ئەو، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان بەهۆی جیابونەوە، هەڵکشانی تەمەن یان نەبونی هاوسەر، دوچاری قەیرانی کرێنشینی و نەبونی پەناگەیەکی پارێزراو بونەتەوە.

بۆشایی یاسایی و مەترسیی بێماڵی

سەبارەت بە رەهەندە یاساییەکانی کێشەکە، سۆزان حسێن بە نەوژینی راگەیاند: بەپێی یاسا، ژنی جیابوەوە تەنیا مافی سێ ساڵ مانەوەی لە خانوی هاوسەرەکەی هەیە، بەو مەرجەی موڵکەکە بەناوی پیاوەکەوە بێت و ژنەکەش پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام نەداتەوە، قەیرانە راستەقینەکە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وادە یاساییە دەستپێدەکات.

ناوبراو رونیکردەوە: زۆرجار لەو ماوەیەدا ژنان ناتوانن سەقامگیریی ئابوری بۆ خۆیان دابین بکەن، ئەمەش ترسێکی بەردەوام لایان دروست دەکات، پڕۆژەی ‘شاری خانمان’ ئامانجی دابینکردنی شوێنێکی شکۆمەندە تا کاتێکی گونجاو بۆ حەسانەوە و داڕشتنەوەی پلانی داهاتۆیان هەبێت.

پارێزگاری و تێچوی گونجاو

لەبارەی وردەکاریی ته‌كنیكییه‌وه‌، پێشنیار کراوە یەکەکان بە rوبەری بچوک دروست بکرێن تا تێچوی کەم بێت و ژنان توانای کڕین یان بەکرێگرتنیان هەبێت¨ هاوکات پڕۆژەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە شارەکە خاوەن ئیدارە و ستافێکی ئەمنیی تایبەت بە خانمان بێت، ئەمەش هەم لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە ئاساییە و هەم ژینگەیەکی پارێزراوتر بۆ ئەو ژنانە دابین دەکات کە بە تەنیا دەژین.

پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و دەرونی

خاوەنی بیرۆکەکە ئەو تێڕوانینە رەد دەکاتەوە کە پڕۆژەکە ببێتە هۆی گۆشەگیرکردنی ژنان، بەڵکو وەک ‘وێستگەیەکی ئارام’ بۆ بنیاتنانەوەی ژیان ناوی دەبات، “بونی ژنان پێکەوە و دروستکردنی هاوڕێیەتی لە پارک و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا، دەرفەتی پشتیوانیی دەرونی و سەقامگیریی دارایی زیاتریان بۆ دەڕەخسێنێت”.

پەیامێک بۆ وەبەرهێنەران

سۆزان حسێن، پشتبەست بە توێژینەوە مەیدانییەکانی، دوپاتی دەکاتەوە کە خواستێکی بێوێنە لەسەر ئەم جۆرە نیشتەجێبۆنە هەیە، ئەو پەیامێک ئاراستەی سەرمایەداران دەکات و دەڵێت: هەر وەبەرهێنەرێک ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکات، دڵنیام لە سەرکەوتنی بازرگانیی پڕۆژەکە، چونکە ئەم یەکە بچوکانە دەبنە فریادرەسی ئەو ژنانەی توانای کڕینی یەکەی گەورەیان نییە. 

 

زۆرترین بینراوەکان