* نەوژین، بەنان فاروق
"هەمیشە بە خۆمم دەوت رۆژێک دێت خەونەکەم دەکەمە راستی؛ وەک کچێکی باڵاپۆش دەمویست کارێک بکەم خزمەت بەو کچانە بکات کە وەک منن"، ئەمە قسەی رەیان محەمەدە، ئەو کچەی سێ ساڵە لە شاری سلێمانی براندێکی جیاوازی بۆ عەزی باڵاپۆش دامەزراندوە و نوێگەریی تێدا دەکات.
رەیان تەمەنی ٢٨ ساڵە و دەرچوی زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانییە، هەرچەندە بڕوانامەی لە بواری پزیشکیدا هەیە، بەڵام خولیاکەی بەرەو دیزاینەریی بردوە، لەباتری چیرۆکی سەرەتای دەستپێکردنیەوە بە نەوژینی وت: دوای تەواوکردنی خوێندن بڕیارمدا براندێکی تایبەت بە خۆم دابنێم بە ناوی (رەیان کوتور)، کە بە مانای ئەوە دێت هەمو ئیشەکانم کاری دەستین، کۆپی کراو نیین و بە وردی ئیشیان لەسەر کراوە.
نوێگەری لە عەزیی بۆنەکاندا
رەیان تەنها کار لەسەر عەزیی خانمان دەکات بۆ بۆنەکان و پێداگرە لەسەر ئەوەی ستایلەکەی داپۆشراو بێت، وەک باسیلێوەکرد: بەشێکی زۆری عەزییەکان دیزاینی خۆمن، بەشێکیشیان داخوازی کڕیارەکانمن؛ زۆرجار وێنەی عەزییەکی دانەپۆشراوم بۆ دەنێرن و من بۆیان دیزاین دەکەمەوە بە شێوەیەکی داپۆشراو کە بۆ باڵاپۆش گونجاو بێت، هەشبوە کچەکە باڵاپۆش نەبوە بەڵام هەر عەزییە داپۆشراوەکانی منی پۆشیوە.
یەکەمین عەزیی کلاسیکی بوکێنی بە داپۆشراوی
رەیان داهێنەری یەکەم عەزی بوکێنی کلاسیکی داپۆشراوە لە هەرێم، وەک خۆی رونیکردەوە: ئەوکاتەی ئەو کارەم کرد دەنگدانەوەی زۆری هەبو و زۆر کەس پێیان جوان بو و لەپاشانیش چەندین جار دوبارە کرایەوە.
کەرەستەی VIP و هەلی کار بۆ کچان
سەبارەت بە کوالێتیی کارەکانی، رەیان ئاماژەی بەوەکرد: هەوڵمداوە کەرەستەی ناوخۆیی بەکاربهێنم، بەڵام بۆ دیزاینە VIPـەکان قوماش لە دەرەوە داوا دەکەم، ماوەی تەواوکردنی عەزییەک لە سێ رۆژەوە دەستپێدەکات تاوەکو دو هەفتە.
ئەو ئێستا ستافێکی سێ کەسی لە کچان هەیە، دەڵێت: رۆژانە زیاتر لە ٨ کاتژمێر کار دەکەین، لە پلانمدا نییە پیاوان بهێنمە نێو کارەکەم، تەنها دەمەوێت هەلی کار بۆ کچان بڕەخسێنم تا ئەوانیش خزمەت بە ژنانی تر بکەن.
چاوێک لە نمایشە جیهانییەکان
ئەم دیزاینەرە پێشتر بەشداریی لە "سلێمانی فاشن ویک”ـدا کردوە و دەڵێت: خەونی گەورەم ئەوەیە کارەکانم لە نمایشە جیهانییەکانی دەرەوەی وڵات پێشان بدەم و براندەکەم زیاتر بناسێنم.