فاتیمە ئەلفێهری؛ ئەو ژنەی یەکەم زانکۆی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا دامەزراند
رەنگاڵە
2025/12/21 , بینین : 46


* نەوژین

کاتێک باس لە مێژوی زانست و خوێندنی باڵا دەکرێت، زۆرجار ناوی پیاوان دێتە پێشەوە، بەڵام راستییەکی مێژویی هەیە کە جیهان قەرزاری ژنێکی موسڵمانی بە رەچەڵەک عەرەبە؛ ئەویش "فاتیمە ئەلفێهری”ـیە، کە زیاتر لە ١١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بناغەی یەکەمین زانکۆی لە جیهاندا دانا.

فاتیمە کچی محەمەد ئەلفێهری بو، لە ساڵی ٨٠٠ـی زاینی لە ناوچەی قەیرەوانی تونس لەدایکبو، دواتر لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کرد بۆ شاری "فاس" لە مەغریب، فاتیمە لە خێزانێکی دەوڵەمەند و زانستپەروەر گەورە بو، کە فێری ئەوە کرابو سەروەت و سامان دەبێت لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتیدا خەرج بکرێت.

پڕۆژەیەک کە مێژوی گۆڕی

دوای کۆچی دوایی باوک و هاوسەرەکەی، فاتیمە و مەریەمی خوشکی، سامانێکی زۆریان بۆ مایەوە، لەبری ئەوەی ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان دابین بکەن، بڕیاریان دا پڕۆژەیەکی مەزن بۆ شارەکەیان بکەن، فاتیمە لە ساڵی ٨٥٩ـی زاینی (٢٤٥ـی کۆچی) مزگەوت و قوتابخانەی "ئەلقەڕەویین”ـی لە شاری فاس دامەزراند.

ئەم ناوەندە تەنها شوێنێکی ئاینی نەبو، بەڵکو بوە یەکەمین زانکۆ لە جیهاندا کە بڕوانامەی زانستی دەبەخشییە فێرخوازەکانی، لەوێدا زانستەکانی وەک؛ بیرکاری، پزیشکی، فەلەکناسی، زمانەوانی و کیمیا دەخوێندران.

یەکەم لە جیهاندا بەپێی "یونسکۆ" و "گینس"

بەپێی رێکخراوی یونسکۆ و کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان، زانکۆی "ئەلقەڕەویین" بە کۆنترین زانکۆ لە جیهاندا دادەنرێت کە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە لە پێشکەشکردنی زانست، واتا پێش زانکۆکانی وەک (بۆلۆنیا لە ئیتاڵیا، ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا و سۆربۆن لە فەرەنسا) دامەزراوە.

 

زۆرترین بینراوەکان