پسپۆڕانی ئابوری: کارکردنی ژنان ئابوری هەرێمی کوردستانی بوژاندوەتەوە
ھەواڵ
2025/12/20 , بینین : 73


* نەوژین
 
ژنانی خاوەنکار رۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕن لە گەشەپێدانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەڕاى پسپۆڕانى ئابوریى، هاتنەپێشەوەی ژنان بۆ نێو جیهانی کار و دامەزراندنی پرۆژەی بچوک، مامناوەند و گەورە، نەک تەنها بژێوی خێزانەکان باشتر دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری کوردستانیش.

رۆڵی ژنان لە باشترکردنی ئابوری خێزان و کۆمەڵگە

نیشتیمان حەسەن، پسپۆڕی گەشەپێدانی ئابوری و مامۆستای زانکۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا ژنان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکاندا بونەتە خاوەنکار و رۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە باشترکردنی ئابوری خێزاندا، ئەو دەڵێت: "بەهۆی قورسبونی ژیانەوە، چیتر پیاو بە تەنها ناتوانێت بژێوی خێزان دابین بکات، بۆیە ناچارن ژن و پیاو پێکەوە کاربکەن".

بە بڕوای نیشتیمان حەسەن، ژنانی خاوەنکار، بەبێ گوێدانە قەبارەی پرۆژەکانیان، دەبنە هۆی زیادبونی بەرهەم، رەخساندنی هەلی کار بۆ کەسانی دیکە و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. ئەمەش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر باشتربونی گوزەرانی خێزانەکان و زیادبونی داهات. 

لاى خۆیەوە، خالد حەیدەر، پسپۆڕ لە بواری ژینگەی ئابوری و مامۆستای زانکۆ، باس لەوە دەکات، لە وڵاتانی تازەگەشەسەندو وەک عێراق و هەرێمی کوردستان، ژنان تا رادەیەک پەراوێزخراون، بەڵام هاتنەپێشەوەی ژنان وەک خاوەنکار، ئەو هێزە کارە بێکارە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی چالاک و بەرهەمدار.

 ئەو دەڵێت: کاتێک ژنان دەبنە خاوەنکار، نەک تەنها خۆیان دەبنە کەسانی کارا، بەڵکو ترس و دودڵی لە دڵی ژنانی دیکەشدا دەڕەوێننەوە و هانیان دەدەن بێنە نێو جیهانی کارەوە، ئەمەش وا دەکات رێژەیەکی زیاتری ژنان لە چوارچێوەی بێکاری بێنە دەرەوە و بەشداری کارا لە پێشخستنی ئابوریدا بکەن.

کەرتی تایبەت؛ بژاردەیەکی باشتر بۆ ژنان

هەردو پسپۆڕەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ژنان رۆڵێکی بەرچاویان لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەتدا هەیە، نیشتیمان حەسەن دەڵێت: "ئێستا بەشێکی زۆری ژنان لە کەرتی تایبەتدا چالاکن و گەشەی زیاتری پێدەدەن وەک لە کەرتی حکومی".

خالد حەیدەر، ئەم بابەتە زیاتر رون دەکاتەوە و دەڵێت: "بەهۆی کێشە سیاسی و ئابورییەکان و دواکەوتنی موچەی کەرتی گشتی، خەڵک زیاتر رو لە کەرتی تایبەت دەکات”،  ئەو نمونە بەوە دێنێتەوە کە کاتێک ژنان دەبینن لە کەرتی تایبەتدا موچە لەکاتی خۆیدا دەدرێت و مافەکانیان پارێزراوترە، زیاتر هان دەدرێن رو لەم کەرتە بکەن، گەشەسەندنی کەرتی تایبەت بەهۆی ژنانی خاوەنکارەوە، ئەرکی سەرشانی حکومەت کەمدەکاتەوە و ئابورییەکی بەهێزتر و پشت بەخۆبەستو دروست دەکات.

زۆرترین بینراوەکان