پەناوەر؛ پڕۆژەیەک بۆ گەیاندنی ژنانی قوربانیی توندوتیژی بە مافەکانیان بەبێ تێچوی دارایی
ھەواڵ
2025/12/03 , بینین : 161


* نەوژین

بۆ ئەوەی چیتر خراپی باری دارایی رێگر نەبێت لەبەردەم سکاڵای ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پڕۆژەی (پەناوەر)ـی راگەیاند، کە ئەرکی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەو ژنانە دەگرێتە ئەستۆ.

لیا سەیفەدین، ئەندامی سکرتاریەت و بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وردەکاری پڕۆژەکەی بۆ (نەوژین) ئاشکراکرد و وتی: پڕۆژەی پەناوەر تایبەتە بە خزمەتکردنی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بەڵام چونکە باری ئابوریان خراپە ناتوانن سکاڵا تۆماربکەن، لەبەرامبەردا ئێمە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابین دەکەین و تاوەکو کۆتایی یارمەتیدەریان دەبین لە کەیسەکانیاندا.

پڕۆژەکە لە شاری هەولێر و لە یەکەم ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راگەیەنراوە، سەبارەت بە بیرۆکەی کارەکە، لیا سەیفەدین رونیکردەوە: وەک رێکخراو ئێمە خاوەنی پەناگەی ئامێزی خێزانین کە کار لەسەر سەرجەم کەیسەکانی توندوتیژی دەکات، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین باشتر فریای هەمو کەیسەکان بکەوین، بیرمانکردەوە ئەم بەشە تایبەتمەند بکەین و لەڕێگەی پارێزەری خۆبەخشەوە پڕۆژەی پەناوەر بەڕێوەببەین.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئافرەتان، پڕۆژەی (پەناوەر) لە ئێستادا لە هەردو شاری هەولێر و سۆران دەستیپێکردوە و پلان هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ شار و شارۆچکەکانی دیکەش فراوان بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە ئۆفیسەکانی پەیمانگەی ئامێزی خێزان لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بونیان هەیە.

لیا سەیفەدین جەختیشی کردەوە کە هیچ مەرج و پێوەرێکی دیاریکراویان بۆ وەرگرتنی کەیسەکان دانەناوە و هەر کەیسێک پەیوەست بێت بە توندوتیژی دژ بە ژنانەوە وەریدەگرن.

سەبارەت بە چۆنیەتی پەیوەندیکردن و میکانیزمی کارکردن، ناوبراو بۆ نەوژین وتی: لەڕێی پڕۆژەی پەناوەرەوە ژنان دەتوانن پەیوەندی بەهێڵی گەرمی (07502008179) رێكخراوەكەوە بكەن، دواتر کەیسەکانیان لەگەڵ پارێزەری خۆبەخشی یەکێتی ئافرەتان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی لەوێ کاری یاسایی و بەدواداچونی تەواوی بۆ بکرێت.

زۆرترین بینراوەکان