UN: لە هەر ١٠ خولەکێکدا ژنێک لەلایەن خێزانەکەیەوە دەکوژرێت
ھەواڵ
2025/12/02 , بینین : 42


* نەوژین

بەپێی نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ‘ماڵ’ بە مەترسیدارترین شوێن بۆ ژنان دادەنرێت و تەنها لە ساڵی رابردو (٢٠٢٤)ـدا نزیکەی ٥٠ هەزار ژن لە جیهاندا لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون.

راپۆرتەکە کە بەبۆنەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردوە، لە جیهاندا هەمو ١٠ خولەک جارێک، ژنێک یان کچێک لەلایەن هاوبەشی ژیانی یان ئەندامێکی خێزانەکەیەوە دەکوژرێت، داتاکان دەریدەخەن ٦٠٪ـی ئەو ژنانەی بە ئەنقەست دەکوژرێن، بکەرەکەیان ئەندامانی خێزانەکەیانن، واتە لە کۆی هەر ١٠ توندوتیژییەک لە ماڵەوە، ٩ـیان دژی رەگەزی مێینەیە.

سەبارەت بە دابەشبونی جوگرافیی تاوانەکان، لە ١٤ ساڵی رابردودا زۆرترین ژن لە کیشوەری ئەفریقا کوژراون، دواتر هەردو کیشوەری ئەمریکا و ئاسیا دێن.

تەکنەلۆژیا؛ چەکێکی نوێ

جگە لە توندوتیژیی جەستەیی، راپۆرتەکە هۆشداریداوە لەبارەی "توندوتیژیی دیجیتاڵی" و ئاماژەی بەوە کردوە، لەنێوان ٩٠ بۆ ٩٥٪ـی ڤیدیۆ ساختەکان (Deep Fake) لە جیهاندا دژی ژنانن و بەتایبەت بۆ دروستکردنی وێنەی سێکسی بەکاردەهێنرێن.

رێگەچارە

نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بنبڕکردنی ژنکوژی، جەخت لە گرنگیی بەشداریپێکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان دەکاتەوە و پێیوایە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەماهەنگیی نێوان حکومەتەکان، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگەکان هەیە.

زۆرترین بینراوەکان