* نەوژین
دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیان، بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی کوشتنی کچێکی فێرخواز لە قەزای کفری دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ باوکی کچەکە دەرکرد، کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا تاوانەکەی ئەنجامدابو.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ (دو شەممە)، دادگای تاوانەکانی کەرکوک/ گەرمیان دۆسیەی کوشتنی کچێکی دانیشتوی قەزای کفری یەکلاکردەوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ باوکی کچەکە دەرکرد وەک بکەری سەرەکی تاوانەکە.
مێژوی وداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٨ـی ١٠ـی ٢٠٢٢، کاتێک لە قەزای کفری باوکێک دەچێتە قوتابخانەی کچەکەی کە فێرخوازی پۆلی حەوتی بنەڕەتی بو، بە پاساوی ئەوەی "دەیبات بۆ پیاسەکردن" مۆڵەتی بۆ وەردەگرێت و لە قوتابخانە دەیباتە دەرەوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دواتر باوکەکە کچەکەی بردوەتەوە بۆ ماڵەوە و لەوێ بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هێنا.
ئیمان، ناوی کچە کوژراوەکەیە، دایک و باوکی لەیەک جیاببونەوە، ئیمان و خوشک و براکانی لەگەڵ باوکیان دەژیان، بەپێی زانیارییەکان باوکیان لەگەڵیان خراپ بو، تەنانەت جارێک ئیمان سکاڵای لە دژی باوکی لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی کفری تۆمارکرد بو، بەڵام دوای ماوەیەک کشاندبویەوە، هەروەک دایکی ئیمانیش دو جار سکاڵای لەدژی باوکی ئیمان تۆمارکردبو.