* نەوژین
ساڵانە لەگەڵ هاتنی کۆتاییەکانی پاییز، جیهان رەنگی پرتەقاڵی دەپۆشێت و دەنگەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاری و توندوتیژی بەرز دەبنەوە، هەڵمەتی "١٦ رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" چالاکییەکی جیهانییە، بەڵام پرسیارێک کە زۆرجار دەکرێت ئەوەیە؛ بۆچی ١٦ رۆژ؟ نهێنی پشت هەڵبژاردنی ئەم ماوە زەمەنییە دیاریکراوە چییە؟
پردێک لەنێوان مافی ژن و مافی مرۆڤدا
دیاریکردنی ماوەی ١٦ رۆژ لەلایەن پەیمانگای جیهانی سەرکردایەتی ژنانەوە لە ساڵی ١٩٩١، بە هەڕەمەکی نەبوە، ستراتیژییەکە بریتی بو لە دروستکردنی پردێکی مەعنەوی و یاسایی لەنێوان دو رۆژی جیهانیی هەستیاردا:
سەرەتای هەڵمەتەکە (٢٥ـی تشرینی دوەم (نۆڤەمبەر))؛ کە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژییە دژی ژنان.
کۆتایی هەڵمەتەکە (١٠ـی کانونی یەکەم (دیسەمبەر))؛ کە رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤە.
فەلسەفەی پشت ئەم بەستنەوەیە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی: "توندوتیژی دژی ژنان تەنها کێشەیەکی خێزانی یان کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پێشێلکردنی راستەوخۆی مافەکانی مرۆڤە، ناکرێت باسی مافی مرۆڤ بکرێت بەبێ دەستەبەرکردنی مافی ژنان".
خوشکانی میرابال؛ پریشکی شۆڕشەکە
مێژوی ٢٥ـی تشرینی دوەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٠، کاتێک سێ خوشک بە ناوەکانی (پاتریا، مینێرڤا و ماریا تێریزا) کە ناسراو بون بە "خوشکانی میرابال"، لە کۆماری دۆمینیکان لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری وڵاتەکەوە بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکران، خوێنی ئەوان بوە هەوێنی دیاریکردنی ئەم رۆژە وەک سمبوڵی بەرەنگاربونەوەی ستەم دژی ژنان.
چەند وێستگەیەکی گرنگ لەم ١٦ رۆژەدا
جگە لە سەرەتا و کۆتایی هەڵمەتەکە، ئەم ماوەیە چەند بۆنەیەکی دیکەی پەیوەست بە مافەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە؛
٢٩ـی تشرینی دوەم: رۆژی جیهانیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ژنان.
١ـی کانوونی یەکەم: رۆژی جیهانیی بەرەنگاربونەوەی ئایدز.
٦ـی کانونی یەکەم: ساڵیادی کۆمەڵکوژیی مۆنتریال (کە تیایدا ١٤ خوێندکاری کچ بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە کوژران).
پرتەقاڵی، رەنگی هێمای هەڵمەتەکە
هەڵمەتەکە بە رەنگی "پرتەقاڵی" دەناسرێتەوە و دروشمی "جیهان پرتەقاڵی بکە"ـی بۆ دیاریکراوە، هەڵبژاردنی ئەم رەنگە تەنها هەڵبژاردنێکی هونەری نییە، بەڵکو هەڵگری پەیامێکە.
رەنگی پرتەقاڵی گوزارشتە لە ئایندەیەکی گەش و پڕ لە هیوا بۆ ژنان و کچان، ئایندەیەک کە دور بێت لە تاریکی توندوتیژی، هەروەها وەک رەنگێکی دیار و سەرنجڕاکێش، بەکاردێت بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگە و ناوەندەکانی بڕیار بۆ ئەو مەترسییە شاراوەیەی کە ژنان رۆژانە روبەڕوی دەبنەوە.