لە عێراق پیاو زۆرینەیە، بەڵام لە چوار پارێزگا ژنان دەسەڵاتی ژمارەیان گرتوەتە دەست
ھەواڵ
2025/11/27 , بینین : 123


* نەوژین

بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی عێراق، دەرکەوتوە؛ ژمارەی پیاوان لە عێراق بە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لەپێش ژنانەوەن، بەڵام داتاکان وردەکارییەکى جیاواز ئاشکرا دەکەن و دەردەکەوێت لە پارێزگاکانی (نەینەوا، کەرکوک، ئەنبار و دیالە) هاوکێشەکە پێچەوانەیە و ژنان ژمارەیان زیاترە لە پیاوان.

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامی سەرژمێری گشتیی راگەیاند کە کۆتایی ساڵی رابردو ئەنجامدرا، بەپێی ئەنجامەکان؛ ژمارەی دانیشتوان گەیشتوەتە (٤٦،١١٨،٧٩٣) کەس، لەسەر ئاستی گشتی وڵات ژمارەی نێر (٢٣،١٦١،٦٠٤) کەسە و ژمارەی مێ (٢٢،٩٥٧،١٨٩) کەسە، واتە نێر بە جیاوازی (٢٠٤،٤١٥) کەس لەپێش مێ ـوەیە.

چوار پارێزگا ژنان تێیدا زۆرینەن

سەرباری ئەو باڵادەستییەی رەگەزی نێر لە کۆی گشتی و لە ١٤ پارێزگای عێراقدا، لە چوار پارێزگا ژمارەی ژنان پێش پیاوان کەوتون، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

کەرکوک؛ ژمارەی ژنان بە جیاوازییەکی بەرچاو لەپێش پیاوانەوەیە، کە ژمارەی مێ (١١،١٠٥) کەس زیاترە لە نێر، (کۆی ژمارەی مێ ١،٠٢٢،٨٦٦ کەسە).
نەینەوا؛ ژمارەی مێ (٧،٥٣٦) کەس زیاترە لە نێر، (کۆی ژمارەی مێ ٢،١٣٤،٧٥٨ کەسە).
ئەنبار؛ ژمارەی مێ (١،٢٢٢) کەس زیاترە لە نێر، (کۆی ژمارەی مێ ١،٠٠٢،٨٢٠  کەسە).
دیالە؛ ئەم پارێزگایە نزیکترین هاوسەنگی تۆمارکردوە، بەڵام هێشتا کێرڤەکە بەلای ژناندا شکاوەتەوە و بە جیاوازی تەنها (١٦٤) کەس، ژمارەی ژنان زیاترە لە پیاوان.

بۆچی لەم ناوچانە ژن زیاترە؟

ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەر چوار پارێزگای (نەینەوا، کەرکوک، ئەنبار و دیالە) ئەو ناوچانەن کە لە دەیەی رابردودا زۆرترین بەرکەوتنیان لەگەڵ جەنگ (بەتایبەت شەڕی داعش) و ناسەقامگیریی ئەمنیدا هەبوە.

بۆیە دۆخەکە وا لێکدەدرێتەوە؛ پەیوەندی راستەوخۆی بە ئاسەوارەکانی جەنگەوە هەبێت، چونکە لە کاتی ململانێ سەربازییەکاندا پیاوان زیاتر قوربانی دەدەن، دەکوژرێن یان بێسەروشوێن دەبن و دەستگیردەکرێن، ئەمەش وایکردوە لەو ناوچانەدا ژمارەی پیاوان کەم بکات و ژمارەی ژنان بەسەر پیاواندا زاڵ ببێت.

زۆرترین بینراوەکان