* نەوژین
لەکۆی زیاد لە ١٣٣٠ بیرۆکەی گەنجان کە بۆ لوتکەی نیشتیمانی سلێمانی بۆ کارسازیی نێردرابون، سێ کەس بە براوە دیاریکران و خەڵاتکران؛ یەکەم و دوەم کچ بون.
رۆژانی (٢٢ و ٢٣)ـی ئەم مانگە، لوتکەی نیشتیمانی سلێمانی بۆ کارسازی، بەڕێوەچو، کە دەرئەنجامی فێرگەیەک بو لە شاری سلێمانی، تایبەت بە ئاڕاستەکردن و دەستگیرۆکردنی گەنجانی سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و چەمچەماڵ.
لەبارەیەوە، بەسۆز محەمەد، بەڕێوەبەری لوتکەی نیشتیمانی سلێمانی بۆ کارسازیی، بە نەوژینی راگەیاند: خۆتۆمارکردنی گەنجان سەرەتا لەڕێگەی فۆرمێکەوە بو کە مانگی ٨ـی ئەمساڵ بڵاومانکردەوە و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کارابو، لەو ماوەیەدا زیاد لە ١٣٣٠ فۆرممان بەدەستگەیشت و پاش هەڵسەنگاندنەکان لەلایەن لیژنەیەکەوە ١٢٥ بیرۆکە وەرگیران، کە لە چەندین بواری جیاوازەوە بون.
رونیکردەوە: پاشان خاوەنی ١٢٥ بیرۆکەکە، بۆ ماوەی مانگێک راهێنانیان پێکرا و ئاشناکران لە هەمو روەکانەوە، کە چۆن بیرۆکەکانیان بخەنە سەر ئەرزی واقع، لەم نێوانەشدا دوای هەڵسەنگاندنەوەیان لەلایەن لیژنەوە ١٠ کەسیان دیاریکران و خرانە پێشبڕکێوە.
لەمیانی دو رۆژ بەڕێوەچونی لوتکەکە لە شاری سلێمانی، ئەو ١٠ کەسە بیرۆکەکانیان بۆ هەموان رونکردەوە و باسیان لە چۆنیەتی کردنی بیرۆکەکانیان بە پڕۆژە کرد، لەکۆتاییدا سێ کەس بە براوە هەڵبژێردران، کە براوەی یەکەم و دوەم کچ بون.
براوەی یەکەم شەرمین فەرەج، کە دانیشتوی شاری هەڵەبجەیە بە پڕۆژەی خەڵوزی سەوز بەشداریکردبو، کە پڕۆژەکەی بریتیە لە دروستکردنی خەوز بە پاشماوەی کشتوکاڵی، بە بڕی نۆ ملیۆن دینار خەڵاتکرا.
براوەی دوەم؛ سۆما ئیسماعیل، کە دانیشتوی شاری سلێمانییە، بە پڕۆژەی شین براند بەشداربو، کە پڕۆژەکەی بریتیە لە بەکارهێنانەوەی کاغەزی بەکارهاتو بۆ دروستکردنی ئیککسواراتی نێو ماڵ و ئۆفیسەکان، ئەمیش بە بڕی ٦ ملیۆن دینار خەڵاتکرا.