* نەوژین
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ٨٨ ژن توانیویانە کورسی پارلەمانی عێراق مسۆگەر بکەن، ئەم ژمارەیە لەکۆی گشتی ٣٢٩ کورسی پرلەمانی عێراق رێژەی ٢٧%ـی نوێنەرایەتی ژنان پێکدەهێنێت.
دابەشبونی ٨٨ کورسییەکەی ژنان بەسەر شێوازەکانی سەرکەوتندا بەم شێوەیە بوە؛ ٢٧ ژن بە دەنگی خۆیان و بەبێ پێویستی بە پشتبەستن بە سیستەمی کۆتای ژنان، کورسییەکەیان مسۆگەر کردوە، ٥٩ ژن لەڕێگەی سیستەمی کۆتای ژنانەوە دەچنە پارلەمان، دو ژنیش لە چوارچێوەی کورسییەکانی پێکهاتەکاندا سەرکەوتون.
زۆرترین نوێنەرایەتی بەپێی پارێزگا
پارێزگای بەغدا زۆرترین ژنە نوێنەری دەنێرێتە پارلەمان، بەکۆی ١٧ ژن؛ ٦ ژنیان بە دەنگی خۆیان و ١١ ژنیان بە کۆتا، دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا دێت بە ٨ ژن؛ یەک ژنیان بە دەنگی خۆی و ٧ ژنیان بە کۆتا، سەرنجڕاکێشیەکە کە لە پارێزگای سلێمانی ـە، لە کۆی پێنج کاندیدی ژنی دەرچو، هەر پێنجیان بە دەنگی خۆیان سەرکەوتون.
دابەشکاری سەرکەوتنی ژنان لە پارێزگاکانی دیکە بەمشێوەیە؛
لە ئەنبار و بەسڕە، یەکە و شەش ژن سەرکەتون؛ یەکە و دو کاندید بە دەنگی خۆیان و چوار ژن بە کۆتا سەرکەوتون، لە پارێزگای زیقار، ٥ ژن سەرکەوتون؛ ٣ بە کۆتا و دو بە دەنگی خۆیان، لە هەولێر، چوار ژن سەرکەوتون؛ یەک بە دەنگی خۆی و سێ بە کۆتا، لە قادسیەش، چوار ژن سەرکەوتون؛ سێ بە دەنگی خۆی و یەک بە کۆتا.
لە بابل و دیالە یەکە و چوار ژن سەرکەتون؛ هەمویان بە کۆتا، لە دهۆک، نەجەف، کەربەلا و واستیش یەکە و سێ ژن بە کۆتا سەرکەوتون، لە میسان دو ژن بە دەنگی خۆیان و یەک بە کۆتا سەرکەوتوە، لە کەرکوک و سەڵاحەدینیش یەکە و ژنێک بە دەنگی خۆی و دو بە کۆتا سەرکەوتون، لە کۆتایشدا پارێزگای موسەنا هەیە کە دو ژنە کاندیدی بە کۆتا دەرچون.
سەرباری سەرکەوتنی ژنانی حزبەکان و پێکهاتەکان، پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە چەند ژنە کاندیدێکی سەربەخۆی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هیچ کام لەوان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ چونە پارلەمان بەدەستبهێنن.