* نەوژین
لەژێر دروشمی "بڕیاردەری داهاتوی خۆت بە"، هەڵمەتی "هەڕۆ دەنگدانێ" لە سنوری ئیدارەی راپەڕین دەستی پێکرد، کە تایبەت بەو کچانەیە جاری یەکەمیانە مافی دەنگدانیان هەبێت.
هەڵمەتەکە لەلایەن رێکخراوی سپاردە و ناوەندی گەنجان لە رانیە بەڕێوەدەچێت، بە پاڵپشتی رێکخراوی نێودەوڵەتی (Women for Women)، کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ئەو کچانە دەکات کە بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان هەیە.
هێلین محەمەد، بەڕێوەبەری ناوەندی گەنجان لە رانیە و سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکە، بە نەوژینی راگەیاند: ئێمە پێمان وایە کە کچان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیانە و میانڕەوانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن، هەر بۆیە گرنگیمان بەوەداوە هۆشیاریان بکەینەوە لە چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، جەختیکردەوە: ئامانجی پڕۆژەکە تەنها هەڵبژاردنی ئەمجارە نییە، بەڵکو بنیادنانی توانای درێژخایەنە بۆ کچان تاوەکو بەشداری لە سەرجەم ئەو پڕۆسانە بکەن کە پەیوەندیدارە پێیانەوە.
بۆچی کچانی راپەڕین؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە، هێلین محەمەد ئاماژەی بەوەکرد: هەڵبژاردنی ناوچەی راپەڕین هۆکاری قوڵی کۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە: بەداخەوە راپەڕین یەکێکە لەو ناوچانەی پشکی شێری بەرکەوتوە لە کۆچی بە لێشاوی گەنجان، بەو هۆیەوە رێژەی خانمان لەم سنورە بەراورد بە پیاوان زیاترە، بۆیە بە گرنگمان زانی ئەم دەرفەتە بۆ ئەوان بڕەخسێنین.
هەڵمەتەکە جەخت لەسەر راهێنانی کردەیی دەکاتەوە. هەشت ژن هەڵبژێردراون و راهێنراون لەسەر دیزاینکردن و بەڕێوەبردنی هەڵمەت، چالاکییەکانیشیان بە شێوەیەکی هاوسەنگ بە دو شێواز بەڕێوەدەچێت:
دیجیتاڵی: بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی هۆشیارکەرەوە لەڕێگەی ریڵ و پۆستە وێنەییەکان و لایڤە فێرکارییەکانەوە لە سۆشیاڵمیدیا.
مەیدانی: ئەنجامدانی سیمیناری روبەڕو و بڵاوکردنەوەی بروشەر و پۆستەر بۆ گەیاندنی پەیامەکە بە چین و توێژە جیاوازەکان.
مارلین محەمەد، یەکێک لە هەڵمەتکارانی پڕۆژەکە، لەبارەی کارو چالاکیەکانیان بە نەوژینی وت: لەڕێگەی راهێنانەکانەوە فێری بەشداربوان دەکەین متمانە بەخۆیان بکەن و تێیان دەگەیەنین کە دەنگدانیان تەنها مافێک نییە، بەڵکو کلیلێکە بۆ دیاریکردنی داهاتوی خۆیان و بنیادنانی ژیانێکی شایستە.