AI کێشەکەی گەورەتر کردوە؛ یونسکۆ: ٧٥%ـی رۆژنامەنوسانی ژن روبەڕوی هەڕەشەی ئۆنلاین دەبنەوە
ھەواڵ
2025/11/05 , بینین : 36


* نەوژین

یونسکۆ لە راپۆرتێکی دا ئاشکرایدەکات، نزیکەی ٧٥%ـی ئەو رۆژنامەنوسە ژنانەی بەشدارییان لە راپرسییەکی جیهانیی دا کردوە، توشی توندوتیژیی و دەستدرێژیی ئۆنلاین بونەتەوە، جەختیشدەکاتەوە: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) ئەم هەڕەشانەی گەیاندوەتە ئاستێکی مەترسیدار و بێوێنە.

بەپێی راپۆرتەکەی یونسکۆ کە بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەنوسان (ICFJ) ئەنجامدراوە، ژمارەکان دۆخێکی نائاسایی دەردەخەن؛ بە نزیکەیی لە هەر چوار ڕۆژنامەنوسێکی ژن یەکێکیان هەڕەشەی زیانگەیاندنی جەستەیی یان کوشتنی لێکراوە، ٢٠%ـی ئەو رۆژنامەنوسە ژنانەی لە ئۆنلاین هێرشیان کراوەتە سەر، دواتر توشی هێرشی جەستەیی (ئۆفلاین) بونەتەوە، هێرشەکان تەنها وشەیی نین، بەڵکو کاریگەریی قوڵیان لەسەر تەندروستی دەرونی و کاری پیشەیی رۆژنامەنوسەکان جێهێشتوە.

یونسکۆ، دەڵێت: ئەو هێرشانە بە مەبەستی بێدەنگکردن، ناوزڕاندن و دواجار دورخستنەوەی ژنان لە کایەی گشتی ئەنجام دەدرێن، کە ئەمەش بنەمای ئازادیی رۆژنامەگەری دەشێوێنێت.

یەکێک لە دۆزینەوە سەرەکییەکانی راپۆرتەکە بریتییە لە رۆڵی خراپی تەکنەلۆژیای نوێ، بەتایبەت زیرەکی دەستکرد، راپۆرتەکە دەڵێت: زیرەکی دەستکرد ئاسانکاری کردوە بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختەی زۆر راستەقینە (Deepfakes) بۆ ناوزڕاندنی سێکسی و لێکدانی متمانەی رۆژنامەنوسانی ژن.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتوە؛ ٤١%ـی رۆژنامەنوسان ئاماژە بەوە دەکەن کە کراونەتە ئامانجی هەڵمەتگەلێکی رێکخراو کە مەبەستیان بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و هێرشکردنە سەر متمانەی کارەکانیان بوە.

ژورەکانی هەواڵ و بێدەنگکردنی قوربانی

راپۆرتەکە رەخنە لە وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی میدیاکان دەگرێت؛ ٢٥%ـی رۆژنامەنوسان سکاڵایان لای بەڕێوەبەرەکانیان تۆمار کردوە، بەڵام: زۆرینەیان یان هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتوە، یان داوایان لێکراوە ‘خۆڕاگر بن’.

 

زۆرترین بینراوەکان