سەرۆک لیستێکی ژن: کۆمەڵگاکەمان هۆشیارە و جیاوازی ناکات لە نێوان ژن و پیاو
ھەواڵ
2025/11/03 , بینین : 59


* نەوژین

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەنێو حزبە کوردیەکان لە کۆی سێ پارێزگاکەی هەرێم، چوار ژن وەک سەرۆک لیست دیاری کراون، یەکێک لەو ژنانە قسەی بۆ نەوژین کردوە، دەڵێت: خەڵک پێیخۆشە ئەو کەسانەی بە توانان بکرێن بە سەرۆک لیست، جیاوازی نییە لایان ژنە یان پیاو.

کەمتر لە ١٠ رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنەکە ٩٤ ژن لە هەرێمی کوردستان لەکۆی ٢٠١ کەس کاندیدن بۆ بون بە پارلەمانتار لە عێراق، هەروەک لە کۆی ١٧ سەرۆک لیستی حزبەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)، چوار ژن پۆستی سەرۆک لیستیان وەرگرتوە.

ئەشواق جاف، یەکێک لەو ژنانەی لەسەر حزبەکەی لە بازنەی سلێمانی بە سەرۆک لیست دیاریکراوە، ئاماژەبەوەدەکات بونی ژن بە سەرۆک لیست مانای باوەڕبونی حزبەکەیە بە توانای ژنانی نێو حزبەکەی، رونیکردەوە: وەکچۆن باوەربونی حزبەکەمان بە توانای ژن وایکرد کە بڕیاربدەن سەرۆک لیستەکە لە بازنەی سلێمانی ژن بێت.

بە بۆچونی ئەشواق جاف، خزمەتی ئێمەی ژنان لە ئێستادا، دەبێتە رێخۆشکەر بۆ پێدانی دەرفەت بە ژنان لە قۆناغەکانی داهاتودا.

لە بارەی ئەو ئاستەنگە سەرەکییانەی روبەڕوی ژنانی سیاسی دەبنەوە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەشواق جاف، وتی: سوپاس بۆ خوا کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی زۆر هۆشیارە و جیاوازی ناکات لە نێوان ژن و پیاو.

وەک نمونەش بۆ قسەکەی، کاندیدە ژنە سەرکەوتوەکانی هەڵبژاردنی رابردوی کرد بە نمونە: دەرچونی ژمارەیەکی زۆر لە ژن بە دەنگی خۆیان لە هەڵبژاردنی رابردو بە مانای ئەوە دێت کۆمەڵگای کوردی دەنگ بە توانا دەدات، نەک رەگەز.

زیاتر وتی: وەک ئەزمونی خۆشم وەک کاندیدێک هیچ ئاستەنگێک نییە، بەڵکو پێشوازی زیاترم لێ دەکرێت، بە پێچەوانەوە ئێستا خەڵک پێیخۆشە ئەو کەسانەی بە توانان بکرێن بە سەرۆک لیست، جا ژن بن یان پیاو جیاوازی ناکەن.

بڕیارە رۆژی (١١ـی ئەم مانگە) هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) ئەنجامبدرێت؛ ئەم هەڵبژاردنە لە دوای پێنج خولی پارلەمانی لە عێراقی نوێدا، شەشەمین خول دەستپێدەکات و بە یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکان دادەنرێت بۆ داڕشتنی ئایندەی سیاسی وڵات.

پارلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت و ٨٣ کورسی وەک کۆتا بۆ ژنان دیاریکراون؛ هەرچی هەرێمی کوردستانیشە ٤٥ کورسی بۆ دیاریکراوە کە گەر کۆتای ژنان لەم رێژەیە دیاریبکرێت لەنێوان (١١ بۆ ١٢) کورسی بۆ ژنان دەبێت.

زۆرترین بینراوەکان