ژنە شانۆکارێکی کورد وەک ئەندامی لیژنەی داوەری لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی بەشداری دەکات
2025/11/03 , بینین : 187


* نەوژین

هەفتەی رابردو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی "لیالی جسور" بۆ شانۆ لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەچو، تێیدا ژنە شانۆکارێکی کورد وەک لیژنەی داوەری فیستیڤاڵەکە هاوشان لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەشدار بو.

فرمێسک مستەفا، خانمە شانۆکاری کوردی دانیشتوی وڵاتی ئەڵمانیا، کە وەک لیژنەی داوەری لە فێستیڤاڵەکە بەشداربو، بە نەوژینی راگەیاند: جاری پێشو بەشداریم لە فیستیڤاڵێکی وڵاتی مەغریب کرد و لەوێ رێکخەری فیستیڤاڵی "لیالی جسور”ـم ناسی و دواتر داوای لێکردم وەک لیژنە لە فیستیڤاڵەکەیان بەشداربم، ئەزمونێکی نوێ بوم بۆم وەک ژنێکی کورد لە وڵاتی مەغریب داوەری فیستیڤاڵێک بوم و شانازی پێوەدەکەم.

لە فیستیڤاڵەکەدا ١٠ شانۆ لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە بەشداربون و ٥ـیان رکابەریان بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەکرد، لە کۆتایی دا ٧ خەڵات دابەشکران.

فرمێسک مستەفا، بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان وەک دەرفەتێک بۆ پێشخستنی ژنانی شانۆکاری کورد دەبینێت، وەک باسی لێوەکرد: جاری یەکەم نییە بەشداری لە فیستیڤاڵە شانۆییە نێودەوڵەتیەکان دەکەم، لەگەڵ هەر بەشداریکردنێکیشم ناسنامە، کلتور و ژنانی شانۆکاری کورد بە جیهان دەناسێنم، لەگەڵ ئەوەدا لە رابردودا بوم بە هۆکارێک بۆ بانگهێشتکردنی تیمە کوردیەکان بۆ دەرەوە.

فرمێسک هەروەها نوسەری ٤ کتێبی شانۆییە بە زمانی کوردی، وەک باسی لێوەکرد، ستافی فیستیڤاڵەکە داوایان لێکردم، هەر بە زمانی کوردی لای خۆیان چاپێکی جێبهێڵم، هەروەک داوای وەرگێڕانی کتێبەکانیان لێ کردم.

زۆرترین بینراوەکان