* نەوژین
توێژەرێکی بواری میدیا دەڵێت: کاندیدانی ژن بەراورد بە پیاوان، بە دۆخێکی زۆر ناسکتردا تێدەپەڕن،، ئاشکرایشی دەکات: هێرشەکان بۆ سەر ئەوان تەنها رەخنەی سیاسی نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ژیانی تایبەتی و کەسایەتییان دەکرێتە ئامانج.
ئەرسەلان رەحمان، توێژەری بواری میدیا، لەوبارەیەوە بە نەوژینی راگەیاند: ژنانی کاندید بەراورد بە پیاوان، بە دۆخێکی زۆر ناسکتردا تێدەپەڕن، هێرشەکان بۆ سەر ئەوان تەنها رەخنەی سیاسی نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ژیانی تایبەتی و کەسایەتییان دەکرێتە ئامانج.
بە وتەی ئەو توێژەرە، ئەو هێرشانەی ئاڕاستەی ژنانی سیاسەتمەدار دەکرێت، جیاوازە لەوەی روبەڕوی پیاوان دەبێتەوە و لە چەند تەوەرێکدا چڕ دەبێتەوە، وەک؛ ژیانی تایبەتیان دەکرێتە ئامانج و تۆمەتی ئەخلاقییان دەخرێتە پاڵ، لەڕێگەی AI (زیرەکی دەستکرد)ـەوە، وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی ساختەیان بۆ دروست دەکرێت، هەروەک پەیام و بەرنامەی سیاسییان بەلاڕێدادەبرێت و هەوڵی سوکایەتیپێکردنیان دەدرێت، بۆ ئەوەی وەک کەسێکی ناکارا لە سیاسەتدا نیشان بدرێن.
جەختیکردەوە: کۆمەڵگەی ئێمە وێنەیەکی باوی چەسپاندوە کە ژن دەبێت لاواز و لە ماڵەوە بێت، لە بەرامبەردا پیاو خاوەنی هەژمون و بڕیارە، هەر بۆیە کاتێک ژنێک ئەم وێنە باوە دەشکێنێت، دەکەوێتە بەر هێرشێکی فرەلایەن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە بڵاوکردنەوەی ئەم بیرکردنەوە، وەک ئەرسەلان رەحمان باسیلێوەکرد: دو جۆر هێرش لە سۆشیال میدیاوە دەکرێتە سەر ژنانی کاندید؛ یەکەمیان لەلایەن گروپی رێکخراوەوەیە کە بە ئەنقەست و بە ئەجێندای دژە ژن کاردەکەن، دوەمیان لەلایەن بەکارهێنەرانی ئاساییەوەیە کە دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە.
“ئەم فشار و هێرشانە کاریگەریی قوڵ و درێژخایەنیان هەیە. زۆرێک لەو ژنانەی کە بە گەرموگوڕییەوە دەستیان بە کاری سیاسی کردوە، بەهۆی ئەم "تیرۆرە فیکرییەوە" ناچار بونە پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی تایبەتیی خۆیان, ئەمەش بۆشاییەکی گەورە لە نوێنەرایەتیی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا دروست دەکات”، ئەرسەلان رەحمان وایوت.
بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە، ئەو توێژەرە میدیاییە پێشنیازی چەند هەنگاوێک دەکات، لەوانە؛ هەڵمەتی هۆشیاریی بەرفراوان، دەرکردنی یاسایەکی سەردەمیانە بۆ رێکخستنی میدیا، واژۆکردنی پەیمانێکی شەرەف لەنێوان دەزگاکانی راگەیاندندا و گونجاندنی ئەم بابەتانە لە پرۆگرامەکانی خوێندنی راگەیاندندا بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ بەشداریی سیاسی ژنان فەراهەم بکرێت.