٦٠%ـی خاوەنکارانی بەشداربو لە فیستیڤاڵی هەنار ژنن
ھەواڵ
2025/10/29 , بینین : 188


* نەوژین

سبەی دەستپێکی فیستیڤاڵی هەنارە لە هەڵەبجە، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت: ٦٠%ـی خاوەنکارانی بەشداربو لە فیستیڤاڵەکە ژنن، دەشڵێت: ژنان لە سەرجەم بوارەکانی فیستیڤاڵەکە هەن و پشکی شێر لای ئەوانە.

سبەی پێنجشەممە (٣٠ـی تشرینی یەکەم) یانزەهەمین فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، دەستپێدەکات، لەبارەیەوە، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە نەوژینی راگەیاند: بۆ سبەی ٦٠٠ کەپر ئامادە کراون، ٧٥%ـی کەپرەکان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ٢٥%ـیش بۆ خاوەنکارانی دەرەوەی پارێزگاکە دابینکراون.

لەبارەی رێژە و بەشداری ژنانیش تێیدا وتی: بە نزیکەیی ٦٠%ـی کەپرەکان لەلایەن ژنانەوە گیراون، ئەمە جگە لەوەی لە سەرجەم کەپرەکان ژنێک یان دوان هەن؛ خاوەنکارە پیاوەکان بەزۆری لەگەڵ خێزان یان کچەکانیان کاردەکەن و پێکەوە کەپریان گرتوە.

بە جەخت لێکردنەوەوە وتی: رێژە و بەشداری ژنان ساڵ لەدوای ساڵ لە فیستیڤاڵەکە زیاد دەکات، بۆ ئەمساڵ پشکی شێر لای ئەوانە هەر لە گرتنی کەپر، دیزاینی شوێنەکە و ریکلامکردن و هەمو شتەوە.

لەبارەی بەرهەمە بەشداربوەکانیش ئاشکرایکرد: سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی سنوری عێراق تێیدا نمایشدەکرێن، ئەمە جگە لە کاری دەستی، خواردنە کوردەواریەکان و چەندین خواردن، خواردنەوە و بەرهەمی دیکە.

بە ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی فیستیڤاڵەکە، ئەنجامدانی تیروپشک بۆ پێدانی کەپر بە خاوەنکارەکان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، ئەوەش بەوهۆیەی بەشێک لە خاوەنکارەکان رایانگەیاند ناوی خۆیان تۆمارکردوە، بەڵام لە تیروپشک ناویان دەرنەچوە و لە فیستیڤاڵەکە بێبەشکراون.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، رونیکردەوە: ١١٠٠ خاوەنکار داواکاریان بۆ بەشداریکردن پێشکەشکردبو، نەماندەتوانی ئەو رێژە زۆرە وەربگرین، لەبەر ئەوە تیروپشکمان ئەنجامدا بۆ هەڵبژاردنی ٥٥٠ کەس، دواتر لە خەمی ئەوانەی ناویان دەرنەچوبو، ٥٠ کەپری دیکەمان زیاد کرد و کۆی گشتی کەپرەکانمان گەیاندە ٦٠٠ کەپر.

فیستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، بڕیارە بۆ ماوەی سێ رۆژ واتا دو رۆژی کۆتایی ئەم مانگە و رۆژی یەکەمی مانگی داهاتو بەردەوامی هەبێت، فیستیڤاڵەکە بە گرنگترین بۆنەی کلتوری و ئابوری پارێزگاکە دادەنرێت، تێیدا جوتیاران و خاوەن بەرهەمە خۆماڵییەکان بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانیان ساغدەکەنەوە، جگە لەوە گەشتیارێکی زۆر بۆ سنورەکە رادەکێشێت.

زۆرترین بینراوەکان