سکاڵا تۆمارکردنی ژنانی کرێکاری بیانی لە هەرێم زیادیکردوە
ھەواڵ
2025/10/29 , بینین : 86


* نەوژین

ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەرپرسی بەشی بەکارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەبارەیانەوە دەڵێت: لەڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکان و هێڵێکی گەرمەوە چاودێری دۆخیان دەکەین و کێشەکانیان چارەسەر دەکەین، دەشڵێت: رێژەی سکاڵا تۆمارکردنیان بەراورد بە رابردو زیادیکردوە، کە ئەمە مانای هۆشیاریانە.

ئالان سەڵاح، بەرپرسی بەشی بەکارخستن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئاماری ژنانی بیانی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان بە نەوژینی راگەیاند: داتایەکی ورد لەبارەیانەوە نییە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ نەبونی سیستەمێکی یەکگرتو دەگەڕێتەوە کە بتوانێت بە شێوەیەکی دروست ژمارەی ئەو ژنانە تۆمار بکات کە لەڕێگەی فڕۆکەخانەکان یان دەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە دێنە هەرێم.

بە وتەی ناوبراو، مانگانە نزیکەی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ژنی کرێکاری بیانی داوای ڤیزا دەکەن بۆ کارکردن لە چوار پارێزگاکەی هەرێم، بەڵام هەمویان ناگەنە هەرێم و هەندێکیان پاشگەز دەبنەوە.

چاودێری و بەدواداچونی حکومەت

حکومەتی هەرێم لەڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە، کە هەندێکیان لە ژنان پێکدێن، چاودێری دۆخی ژنانی کرێکاری بیانی دەکات، ئەم لیژنانە بەدواداچون بۆ دۆخی کرێکارانی ناوماڵ دەکەن و سەردانی ماڵان دەکەن بۆ ئاگاداربون لە بارودۆخ و کێشەکانیان، هەروەها لیژنەی باڵای هەماهەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکان، بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی نشینگە، بەرەنگاربونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار، کاری چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.

کێشە باوەکان و خواستەکان

لەبارەی کێشەی کرێکارە ژنەکان، ئالان سەڵاح، وتی: زۆرێک لە کرێکاران داوای مۆبایل و رۆژێک پشو لە هەفتەیەکدا دەکەن بۆ دەرچون لەگەڵ هاوڕێکانیان، ئەم جۆرە رێگەپێدانە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە دەگۆڕێت؛ بۆ نمونە، لە سلێمانی پشودانیان پێدەدرێت، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە بەو شێوەیە نییە، هەروەها هەندێکجار مامەڵەی توند لەگەڵ کرێکاران دەکرێت لەلایەن خاوەن ماڵەوە، لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە کرێکاران خۆیان هۆکاری کێشەن، چونکە لە ماڵاندا جێگیر نابن و نایانەوێت کاری ناوماڵ بکەن، بەڵکو دەیانەوێت کاری ئازاد لە رێستۆرانت و هۆتێلەکاندا بکەن.

پاراستنی ماف و چارەسەری کێشەکان

ئالان سەڵاح دەڵێت ئەگەر مافی کرێکارێک پێشێل کرا لەلایەن خاوەن ماڵەوە بە پێنەدانی موچە، لەم حاڵەتەدا بەڕێوەبەرایەتی پشتیوانی لە کرێکارەکە دەکات بەپێی ئەو موچەیەی لە گرێبەستەکەدا لەسەری رێککەوتون، ئەمەش دڵنیاکردنەوەیە لەوەی کە مافی کرێکار نەخورێت، چ لەلایەن کۆمپانیاوە بێت یان خاوەن ماڵەوە.

سەرچاوەی ژنانی کرێکاری بیانی و خواست لەسەریان

لە هەرێمی کوردستان، خواست لەسەر ژنانی چەند وڵاتێکی دیاریکراو زیاترە، ئەمەش هاندەرێکی سەرەکییە بۆ کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کار بۆ هێنانی کرێکارانی ئەو وڵاتانە، ئالان سەڵاح ئاماژەی بەوەدا: زۆرترین ژنانی کرێکاری بیانی لە وڵاتانی غانا، نیپاڵ و ئەندەنوسیاوە دێنە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم رێژەیە بەپێی پارێزگاکان دەگۆڕێت؛ لە سلێمانی داواکاری لەسەر ژنانی غانی، ئەندەنوسی و نیپاڵی زیاترە، بەڵام لە هەولێر بە رێژەیەکی زۆر خواست لەسەر ژنانی غانی و ئەندەنوسییە.

هێڵی گەرم بۆ چارەسەری کێشەکان

بۆ هاوکاریکردن و چارەسەری کێشەکانی ژنانی کرێکاری بیانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەکارخستن هێڵی گەرمی ٥٥٠٠ـی داناوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا و کێشەکانیان، زۆربەی سکاڵاکان لەڕێگەی ئەم هێڵە گەرمەوە دەکرێن، هەمو کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانی ناچار کراون کە تابلۆی ژمارەی هێڵی گەرم لە شوێنی کارەکانیان هەڵواسن بۆ ئاسانکاری کرێکاران.

ئالان سەڵاح، دەڵێت: کرێکارانی بیانی ئێستا زۆر چاوکراوەترن لە جاران، ئەمەش بوەتە هۆی زیادبونی کێشە و سکاڵاکان بە بەراورد بە رابردو، پێشتر کێشەکان کەمتربون، بەڵام ئێستا زۆر زیاترن، ئەم هۆشیارییە زیادەی کرێکاران، هەرچەندە کێشەکان زیاتر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کرێکاران زیاتر ئاشنای مافەکانیان بونە و ئامادەن بۆ داواکردنیان.

زۆرترین بینراوەکان