 
                
* نەوژین
لەمیانەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، کاندیدانی ژن لە ناوچە جێناکۆکەکان، دەڵێن: روبەڕوی زنجیرەیەک لە توندوتیژی و پێشێلکاری دەبنەوە کە رەگەزییانەیە، بە وتەی ئەوان ئەم دیاردانە لە دڕاندنی پۆستەرەکانەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە هێرشی ئەلیکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
شەهێن خاڵە حەسۆ، کاندیدی حزبێکی سیاسی کوردیە لە بازنەی کەرکوک، بە وتەی خۆی، یەکێک لەو کاندیدانەیە کە زۆرترین فلێکس و پۆستەری دڕێندراوە، بە نەوژینی وت: وەکو ژنێک کە خۆم کاندید کردوە و چەندین پڕۆژەم ئامادەکردوە تاوەکو گەر بچمە پارلەمان خزمەتی خەڵک و بەتایبەتی ژنان بکەم، بەڵام لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە روبەڕوی چەند ئاڵەنگاریەکی وەک دڕاندن و شێواندنی پۆستەر و فلێکسەکانم بومەتەوە.
جەختیکردەوە: تێکدانی پۆستەرەکان هی هەر کاندیدێک و هەر حزبێک بێت لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت بۆ ئاستی ناهۆشیاریی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە، یان ململانێ حزبییەکانی خۆیان تێکەڵ بەو بابەتە دەکەن و ئەو رق و کینەی هەیانە بەرامبەر حزبێک بە دڕاندنی پۆستەرەکانیان دەریدەبڕن، دیاردەیەکی بەتەواوی ناشرینە.
"زیاتر کاندیدە ژنەکان دەبنە قوربانی"
شەهێن خاڵە حەسۆ، بە نیگەرانیەوە وتی: خەڵکی بەبێ ئەوەی بزانێت ئایا ئێمە کە خۆمان هەڵبژاردوە دەتوانین لە پارلەمان کار بۆ خەڵک بکەین یان نا، هەر بە وێنەکانمان بڕیارمان لەسەر دەدەن و بە نەشیاومان دەزانن بۆ ئەو پۆستە، هەروەک چونکە کۆمەڵگەکەمان پیاوسالاری باڵی بەسەردا کێشاوە، زۆرجار ژنان دەبینە قوربانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا و زیاتر ئێمەی ژن روبەڕوی تێکدانی پۆستەرەکانمان دەبینەوە.
ژنە کاندیدێکی دیکە لە حزبێکی جیاواز پشت راستی قسەکانی شەهێن دەکاتەوە، جەخت دەکاتەوە، “کۆمەڵگەی کوردی نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە ژنان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن”.
لەیالی تەیب، کاندیدی حزبێکی دیکەی کوردیە لە بازنەی دیالە، لەبارەی تێکدانی پۆستەری کاندیدە ژنەکانەوە، بە نەوژینی وت: کۆمەڵگەی ئێمە نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە ژنان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و بە خەباتی ژنان کۆمەڵگەی کوردی گەیشتوە بەم ئاستە، دەبێت لە هەمو بوارێکدا رێزیان لێ بگیرێت نەک کاتێک ژنێک خۆی کاندید دەکات دژی بوەستنەوە و پۆستەر و وێنەکانیان بدڕێنن.
هێرشی ئەلیکترۆنی؛ ئاڵەنگاریەکی دیکە
سەبارەت بە هێرشی ئەلیکترۆنی، شەهێن خاڵە حەسۆ، دەڵێت: لە سۆشیال میدیا قسەی نەشیاو بە ئێمەی کاندیدانی ژن دەڵێن و بە لاواز ناومان دەبەن یان گاڵتە بەو پڕۆژانەمان دەکەن کە ئامادەمان کردوە بۆ پارلەمان کە ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ئێمە.
لەیالی تەیب ـیش جەختیکردەوە: لە سۆشیال میدیادا بە چەندین شێوە روبەڕوی توندوتیژی و قسەی نەشیاو دەبینەوە و پێمان دەڵێن کە ئەمانە ناتوانن ئیش بۆ خەڵک بکەن؛ پێویستە رێگەیەک بگیرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەو هەڵمەتە ناشرینەی دژی کاندیدانی ژن دەکرێت.
لەیالی تەیب، ئاماژەی بە دۆخی ژنانی کاندیدی دیکەش کرد و وتی: ژنە کاندیدی هاوڕێم هەیە دۆخی ژیانی بەشێوەیەکە زۆری لە خۆی کردوە تاوەکو توانیویەتی پۆستەر و وێنەکانی چاپ بکات و هەڵیانبواسێت، بەڵام بە داخەوە لە لایەن کەسانی ناهۆشیارەوە دڕێندراون.
سوربون لەسەر ئامانج
کاندیدە ژنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سەرباری ئاڵنگارییەکان؛ سارد نابنەوە، شەهێن خاڵە حەسۆ دەڵێت: "ئێمەی ژنان بە تێکدان و دڕاندنی پۆستەر و وێنەکانمان سارد نابینەوە و بەردەوام دەبین تا دەگەین بەو شوێنەی کە دەمانەوێت خزمەت بە کۆمەڵگە و ژنان بکەین.
لەیالی تەیب ـیش جەختیکردەوە: دڕاندنی وێنە و پۆستەرەکانمان رێگایەک نییە بتوانن ئێمەی ژنان بوەستێنن لەکار و خەبات و خزمەتکردن بە خەڵک و گەلەکەمان.
بهپێی ئاماری كۆمیسیۆنى باڵاى سهربهخۆی ههڵبژاردنى عێراق، بۆ ئەم ههڵبژاردنە کە بڕیاره مانگى داهاتو بهڕێوهبچێت، ٧،٨٧٦ كهس كاندیدن، لهو ژمارهیهش ٢٢٣٥ كاندیدیان له رهگهزی مێن، كه رێژهكهیان دهكاته ٢٨.٣%.
 
                         
                         
                         
                         
                         
                     
                     
                     
                     
                    