* نەوژین
لە گۆڕەپانی پڕکێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کاندیدانی ژن روبەڕوی کۆمەڵێک بەربەستی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، ئەم ئاستەنگانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر توانای کێبڕکێ و گەیشتنیان بە پۆستە سیاسییەکان هەیە، کە هەندێکیان رەگ و ریشەیان لە میراتی سیاسی، کێشەی دارایی و نایەکسانی دەرفەتەکاندا هەیە.
شەهلا عەلی، یەکێک لە کاندیدانی پارلەمانی عێراق، ئاماژە بە "میراتی سیاسی" دەکات وەک بەربەستێکی سەرەکی، بە بڕوای ئەو: بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی کاندیدانی پێشو بونەتە هۆی کەمبونەوەی متمانەی خەڵک و گومان دروستکردن لەسەر بەڵێنی کاندیدە نوێیەکان، بەتایبەتی ئێمەی ژنان، ئەمەش وادەکات پێویستمان بە هەوڵێکی زیاتر بێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو بێ متمانەییە.
کێشەی ماددی یەکێکی دیکەیە لە ئاستەنگە گەورەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو کاندیدانەی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتن، شەهلا عەلی، کە خۆی موچەخۆرە، باس لەوە دەکات دواکەوتنی موچەکەی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵمەتەکەی هەبوە و ناچاری کردوە پەنا بۆ قەرز ببات: ئەمە لە کاتێکدا هەڕەشە و هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگەکان لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەرکی ئێمەی کاندیدانی ژنی قورستر کردوە.
رەز سیروان، کاندید لە بازنەی سلێمانی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەی ماددی کێشەیەکی سەرەکییە، بەڵام تەنها بۆ ژنان نییە و پیاوانیش روبەڕوی دەبنەوە. ئەو دەڵێت: من هەر لە سەرەتاوە خۆم بۆ هەمو کێشە و ئاستەنگەکان ئامادەکردوە، رەز، هەروەها باسی لە دڕاندنی فلێکس و قسەکانی سۆشیاڵمیدیا کرد و وتی ئەوانیش بۆ ئێمە زیاترن بەراورد بە پیاوەکان، هەروەک ئێمە تاوەکو متمانەی خەڵک بەدەستبهێنین پێویستمان بەوەیە بە وردی پلانەکانی چوار ساڵی خۆمان رونبکەینەوە.
نایەکسانی کۆمەڵایەتی و کەمی متمانە
سەرهەنگ تاهیر، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێی وایە هێشتا ژن و پیاو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکسان نین، ئەو دەرفەتانەی بۆ پیاوان فەراهەمە، بۆ ژنان نییە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی وەکو عێراق و کوردستان کە هێشتا متمانەی تەواوی بە نوێنەرایەتیی ژن نییە.
ئەو کۆمەڵناسە دەشڵێت: کاندیدی ژن وەک پیاو ناتوانێت بە ئازادی لە هەمو دەرگایەک بدات و بانگەشە بۆ خۆی بکات، هەرچەندە کۆمەڵگە تا ڕادەیەک کراوەتر بوە و نەریتی “ژن نابێت" تا ئاستێک نەماوە، بەڵام کاریگەریی کلتوری و وابەستەیی کۆمەڵایەتی هێشتا رێگرە لەبەردەم بەشدارییەکی کارا و یەکسانی ژنان لەم بوارەدا.
ئامارەکانی کاندیدانی ژن لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان بەکۆی گشتی ٣٠١ کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٤٥ کورسی پارلەمانی عێراق، لەم ژمارەیە ٩٤ـیان ژنن، بەمشێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر کە وەک بازنەی هەولێر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ١٠٨ کاندید هەن، ٣٦ـیان ژنن، لە بازنەی سلێمانی ١٣٥ کاندید هەن و ٣٧ـیان ژنن و لە بازنەی دهۆکیش لەکۆی ٥٨ کاندید ٢٠ـیان ژنن.
هەڵبژاردنی ئەمجارە و کورسی کۆتای ژنان
بڕیارە رۆژی (١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، کە شەشەمین خولی پارلەمان دەستپێدەکات و بە یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکان دادەنرێت بۆ داڕشتنی ئایندەی سیاسی وڵات، پارلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت و ٨٣ کورسی وەک کۆتا بۆ ژنان دیاریکراون، هەرچی هەرێمی کوردستانیشە کە، ٤٥ کورسی بۆ دیاریکراوە کە ئەگەر کۆتای ژنان لەم رێژەیەدا دیاریبکرێت، لەنێوان ١١ بۆ ١٢ کورسی بۆ ژنان دەبێت.