بەشداریی ژنان لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێم؛ داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان چی دەڵێن؟
ھەواڵ
2025/10/24 , بینین : 99


* نەوژین

نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند ئامارێکی نوێی لەبارەی دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئاشکراکردوە؛ لەڕوی بەشداریان لە هێزەکانی پێشمەرگە، دادگاکان و راگەیاندن، هەروەک باسی لە ئاڵەنگاری و کەموکورتیەکانیش کردوە. 

نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی نوێی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمدا، بەتایبەتی رەوشی ژنان و ئامارەکانی پەیوەندیدار بە بەشداری و مافەکانیان، ئامارەکە تایبەت بە ساڵی رابردوە و جگە لە ئاماری تایبەت بە ژنان لە چەندین بواری تردا ئاماری خستوەتەڕو.

بەشداری ژنان لە سێکتەرە جیاجیاکاندا؛

راپۆرتەکە ئامارێکی وردی بەشداری ژنانی لە بوارە جیاجیاکانی هەرێمدا خستوەتەڕو، بەمشێوەیە: لە پۆستە باڵاکانی نێو دادگا و لێکۆڵینەوە؛ ٦٩ دادوەر، ٥٨ دادوەری گشتی، ١٨٥ لێکۆڵەر، ٢٥٥ یاریدەدەری دادوەری ژن هەن.

لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە؛ بە نزیکەیی ٨٠٠ ژن لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا بەشدارن، هەروەک ١٢٣ ژن لە فەوجێکی تایبەت بە شەنگال جێگیرکراون .

لەنێو رۆژنامەنوسان؛ راپۆرتەکە دەڵێت، لەکۆی گشتی سێ هەزار و ٤٠٠ رۆژنامەنوسی کارا لە سەندیکاری رۆژنامەنوسانی هەرێم؛ هەزار و ٦٠٠ـیان ژنن، بەڵام رێژەی بەشداری ژنان وەک سەرنوسەر سنوردارە و تەنها ٧.٦%ـی کۆی گشتی سەرنوسەرەکان پێکدەهێنن.

ئاڵەنگاری و کەمییەکان؛

سەرباری ئەو پێشکەوتنانە، راپۆرتەکە ئاماژەی بە چەندین خاڵی لاواز و ئاستەنگ کردوە کە روبەڕوی ژنان دەبێتەوە، لەوانە؛ میکانیزمەکانی پاراستن و پەناگەی پارێزراو بۆ ئەو ژنانەی قوربانیی دەستدرێژی سێکسین، وەک پێویست نین، ژمارەی یەکەکان و پسپۆڕانی پاڵپشتی دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و گشتی کەمە، هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و بەرزنەکردنەوەی سەرجەم تێبینییەکانی پەیوەست بە رێککەوتننامەی (سیداو) کە تایبەتە بە نەهێشتنی هەمو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان، بە سستی بەردەوامە، هەروەک ١٠%ـی کۆی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ژنن.

 

زۆرترین بینراوەکان