نوێنەرایەتی ژنان لە پارلەمانی عێراق: شیکردنەوەی چانسەکان و ئاستەنگەکان
ھەواڵ
2025/10/20 , بینین : 112


* نەوژین

سەرباری بونی ‘کۆتای ژنان’ کە وەک میکانیزمێکی یاسایی بۆ مسۆگەرکردنی بەشدارییەکی دیاریکراو لە پارلەمانی عێراقدا دانراوە، بەڵام پرسی نوێنەرایەتی راستەقینەی ژنان و چانسەکانی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا هێشتا لەژێر کاریگەریی هۆکارگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی قوڵدایە.

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای هەڵبژاردن، لە شیکارییەکی تایبەتدا بۆ نەوژین، تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارە سەرەکییانەی کە چانسی کاندیدانی ژن دیاری دەکەن و پێشبینییەکانیشی بۆ ئایندەی نوێنەرایەتی ژنان لە پارلەمانی عێراقدا دەخاتەڕو.

کۆتای ژنان؛ میکانیزمێک بە چەندین پرسیارەوە

هەڵشۆ عەبدولفەتاح رونیدەکاتەوە کە چانسی ژنان لە پارلەمانی عێراق دا بە پلەی یەکەم لە چوارچێوەی 'کۆتای ژنان'ـدا دیاری دەکرێت: بەپێی دەستور و یاسای عێراق، پێویستە یەک لەسەر چواری کاندیدەکانی هەر لیستێکی سیاسی ژن بن، ئەمەش وا دەکات لە هەر چوار کاندیدێکی دەرچو، یەکێکیان بە سیستمی کۆتا دەربچێت.

هۆکارەکانی سەرکەوتن لە دەرەوەی کۆتا

جگە لە کۆتا، ناوبراو چەند هۆکارێکی دیکە دەستنیشان دەکات کە کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی کاندیدانی ژن هەیە، لەوانە؛ پەسەندبونی کاندید لەنێو کۆمەڵگادا، ئاستی زانستی و بڕوانامە و خوێندەواری و پسپۆڕیی کاندیدەکە.

پشتیوانی حزبەکان؛ ئامرازێک نەک خزمەتگوزار

هەڵشۆ عەبدولفەتاح، جەخت لەڕۆڵی گرنگی پاڵپشتی حزبەکان دەکاتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو حزبانەی کە بۆ بەدەستهێنانی کورسی پشت بە رێکخستنەکانیان دەبەستن؛ بەڵام نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت: کاندیدبونی ژنان و ئامادەییان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا، ئەوەندەی لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە وەک ئامرازێک بەکارهێنراوە، ئەوەندە لە خزمەتی ژناندا نەبوە.

دەشڵێت: زۆرجار حزبەکان ژنانیان وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی، بەڵام کەمترین حزب سەرۆک لیستەکانیان ژنن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بەگشتی حزبەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی پاڵپشتی ژنان ناکەن، جەختیکردەوە: رای من وایە گەر کۆتای ژنان لە پارلەماندا نەبوایە، حزبەکان کەمتر پاڵپشتی ژنانیان دەکرد بۆ گەیشتن بە پارلەمان.

تێپەڕاندنی کۆتا؛ خولی ٢٠٢١ تەنها نمونە

سەبارەت بە ئەگەری تێپەڕاندنی کۆتای ژنان لەم هەڵبژاردنەدا، ئەم شارەزایەی هەڵبژاردن دەڵێت: بەپێی ئەزمونی پێنج خولی رابردوی پارلەمانی عێراق، تەنها لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ـدا کۆتاکە تێپەڕێندراوە، ئەو هۆکارەکەشی بۆ سیستمی هەڵبژاردنەکە دەگێڕێتەوە کە ٨٣ بازنەی هەڵبژاردنی هەبوە و ئەمەش چانسی دەرچونی ژنانی زیاتر کردبو.

بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئێستا، پێی وایە: سیستمەکە کەمتر لە خزمەتی تێپەڕاندنی کۆتادایە، پێشبینی دەکات: لە باشترین حاڵەتدا، ژمارەی کورسییەکانی ژنان لە نێوان ٨٣ بۆ ٩٠ کورسی پارلەمانیدا بێت، واتە تێپەڕاندنێکی زۆر گەورە رونادات، لە خراپترین حاڵەتیشدا، ژمارەی ژنانی پارلەمانتار نزیکەی ٨٣ دەبێت.

زۆرترین بینراوەکان