* نەوژین
بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق ١٦ کەس لە لیستە جیاوازەکان لە سنوری ئیدارەى راپەڕین کاندیدن؛ لەو ژمارەیە تەنها سێ ـیان ژنن و لەسەر لیستەکانی یەکێتى و نەوەى نوێ کاندیدن.
لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، هەریەک لە لیستەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێست و نەوەی نوێ و بەرەى گەلەکەمان، کاندیدیان بۆ پارلەمان (ئەنجومەنی نوێنەرانی) عێراق هەیە، حزبەکانی کۆمەڵ و یەکگرتو، لەو سنورە کاندیدیان نییە.
لەنێو ئەو حیزبانەی کە کاندیدیان هەیە تەنها یەکێتی و نەوەى نوێ کاندیدی ژنیان هەیە، بەمشێوەیە؛ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ لەکۆی ٦ کاندید دو ژنی کاندید کردوە و نەوەى نوێ ـش یەک کاندیدى هەیە و ژنە.
لە ناوچەکە پارتی دیموکراتی کوردستان شەش کاندیدی هەیە و سەرجەمیان پیاون، هەڵوێست و بەرەی گەلەکەشمان یەکە و کاندیدێکیان هەیە و پیاوە.
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، کە هەریەک لە قەزاکانی (رانیە، حاجی ئاوا و پشدەر) دەگرێتەوە، ژمارەی دانیشتوانی لەنێوان (٥٠٠،٠٠٠ بۆ ٥٥٠،٠٠٠) دەبێت. چونکە شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی عێراق بەشێوەی سیستمی "بازنەیی" بەڕێوەدەچێت و هەر پارێزگایەک و بە بازنەیەک هەژماردەکرێت، هەربۆیە ئیدارەى راپەڕین لەسەر بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی دەژمێردرێت، بەمشێوەیەش کاندیدەکانی راپەڕین لەگەڵ کاندیدەکانی دیکەی سنوری پارێزگای سلێمانی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی تایبەت بە سلێمانی کە ١٨ کورسی بۆ تەرخانکراوە.
پاڵپشت بەیاسای ژمارە (٤)ـی ساڵی (٢٠٢٣) هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پارلەمان، ئەنجومەنی پارێزگا، قەزاو ناحیەکان ژمارە (١٢)ـی ساڵی ٢٠١٨، پارێزگای سلێمانی بە سنورە ئیدارییەکەی و بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە (١٨) کورسی پارلەمانی عێراقی بەردەکەوێت.