
* نەوژین
بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق ١٠ کەس لە لیستە جیاوازەکان لە سنوری گەرمیان کاندیدن؛ لەو ژمارەیە سێ ـیان ژنن و لەسەر لیستەکانی پارتی و یەکێتی کاندیدن.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێست و نەوەی نوێ کاندیدیان بۆ پارلەمان (ئەنجومەنی نوێنەرانی) عێراق هەیە، حیزبەکانی کۆمەڵ یەکگرتو و بەرەی گەلەکەمان کاندیدی گەرمیانیان نییە.
لەنێو ئەو حیزبانەشی کە کاندیدیان هەیە تەنها یەکێتی و پارتی کاندیدی ژنیان هەیە، بەمشێوەیە؛ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ لەکۆی چوار کاندید دو ژنی کاندید کردوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەکۆی چوار کاندید ژنێکی کاندیدە.
هەرچی حیزبەکانی نەوەی نوێ و هەڵوێستیشە یەکە و کاندیدێکیان هەیە و پیاوە، یەک کەسیش بە سەربەخۆ لە سنورەکە خۆی کاندید کردوە، بەم پێیەش بەکۆی گشتی ١١ گەرمیانی بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق کاندیدن.
بڕیارە رۆژی ١١ـ١١ـی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارلەمانی عێراق بە سیستمی "بازنەیی" بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئەم سیستمە، هەر پارێزگایەک و بە بازنەیەک هەژماردەکرێت، بەو پێیە گەرمیان لەسەر بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی دەژمێردرێت، واتە، کاندیدەکانی گەرمیان لەگەڵ کاندیدەکانی دیکەی سنوری پارێزگای سلێمانی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی تایبەت بە سلێمانی لە پارلەمانی عێراق.