
* نەوژین
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، دوای نمایشکردنی ١٥٠ فیلم لە ٣٠ وڵاتی جیاوازەوە، کۆتایی بە کارەکانی هێنا، لەم فیستیڤاڵەدا، ژنان توانیان چەندین خەڵاتی "بەڕوی ئاڵتونی" بچننەوە و بەهرەکانیان لە بوارەکانی سیناریۆنوسین و نواندندا بسەلمێنن.
پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لە رۆژی ٩ـی ئەم مانگە بە دروشمی “کلتوری کوردی و زمانی دایک” دەستیپێکرد و ئێوارەی دوێنێ (١٦ـی مانگ) کۆتایی بە فیستیڤاڵەکە هێندرا، لەگەڵ کۆتایی هاتنی فیستیڤاڵەکە خەڵاتی "بەڕوی ئاڵتوونی" بەسەر براوەکانی بەشە جیاوازەکانی نێاخۆیی و نێودەوڵەتیدا دابەشکران، کە ژنان تێیدا چەندین خەڵاتیان چنیەوە.
لە خەڵاتە بەدەستهاتوەکان لەلایەن ژنانەوە؛ باشترین سیناریۆی کورتە فیلمی ناوخۆیی؛ ساکار عوسمان، بۆ فیلمی "قەیفەی سوری”، باشترین سیناریۆی فیلمی درێژ (ناوخۆیی)؛ ئایشێ پۆڵات بۆ فیلمی "شوێنی نەبینراو”، هەروەها خەڵاتی رێزلێنانی تایبەت بەخشرا بە ئەکتەری کچ؛ سەمیرە حەسەنپور بۆ فیلمی “٦ـی بەیانی".
خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ (نێودەوڵەتی) بۆ لویسا هوێرتاس؛ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی ناوخۆیی پێشکەش کرا بە: مەریەم بۆبانی بۆ فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دور".
پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی و هۆڵەکانی ستی سینەما لەلایەن کۆمپانیای مەستی فیلمەوە بە هاوبەشی زانکۆی سلێمانی جێبەجێکرا، تێیدا ١٥٠ فیلمی نێردراو لە ٣٠ وڵاتی جیاوازەوە پیشاندرا.