٩٤ ژن لە هەرێمی کوردستان کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی زیاد لە ١١ کورسی پارلەمانی عێراق دەکەن
2025/10/16 , بینین : 183


* نەوژین، سومەیە ساڵح

لەم کاتەدا کە عێراق نزیک دەبێتەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانەکەی؛ هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەکی بەرچاو لە کاندیدانی ژنەوە سەرنجەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، بە سێ پارێزگاوە لەکۆی ٢٠١ کاندید ٩٤ ژن کاندیدن و رکابەری بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پارلەمانی عێراق دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان بەکۆی گشتی ٣٠١ کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٤٥ کورسی پارلەمانی عێراق، لەم ژمارەیە ٩٤ـیان ژنن، بەمشێوەیە؛ لە پارێزگای هەولێر کە وەک بازنەی هەولێر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ١٠٨ کاندید هەن، ٣٦ـیان ژنن، لە بازنەی سلێمانی ١٣٥ کاندید هەن و ٣٧ـیان ژنن و لە بازنەی دهۆکیش لەکۆی ٥٨ کاندید ٢٠ـیان ژنن.

بەمشێوەیە واتا بە گشتی لە هەرێمی کوردستان ٣١%ـی کاندیدەکان ژنن؛ بەرزترین رێژەی سەدی لە پارێزگای دهۆکە کە ٣٤.٤%ـیان ژنن دواتر هەولێر دێت کە ٣٣% ژنن، پاشانیش سلێمانی کە ٢٧%ـی کۆی کاندیدەکانی ژنن.

حزبەکان بە ژمارە و رێژەی جیاواز لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم دا کاندیدیان پێشکەش کردوە، دابەشبونی گشتی کاندیدەکان بەپێی حزبەکان لە هەر بازنەیەک بەمشێوەیە؛ 

بازنەی هەولێر؛ لەکۆی ١٠٨ کاندید ٣٦ کاندیدی ژن هەن تێیدا؛ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ٣٠ کاندید؛ ١٠ کاندیدی ژنی هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ ٣٠ کاندید؛ ٩ کاندیدی ژنی هەیە؛ هەڵوێست؛ ١٢ کاندیدی هەیە؛ ٤ کاندیدی ژنن، نەوەی نوێ؛ ٨ کاندید؛ ٣ـیان ژنن؛ یەکگرتوی ئیسلامی ٤ کاندید؛ ١ کاندیدی ژنی هەیە؛ کۆمەڵی دادگەری ٥ کاندید؛ ٢ کاندیدی ژن؛ بەرەی گەلەکەمان؛ ٤ کاندید؛ دو کاندیدی ژنی هەیە، هاوکات ژنێک سەرۆک لیستەکەیە لەم بازنەیە، سۆسیالست دیموکراتی کوردستان؛ ٤ کاندید؛ ٢ کاندید ژنن، بەرەی نەتەوەیی عێراق؛ ٥ کاندیدی هەیە؛ ٢ کاندیدی ژنن.

هەروەها لە بازنەی هەولێر ٦ کاندیدی سەربەخۆ هەن؛ سێ ـیان ژنن

لە بازنەی سلێمانی ١٣٥ کاندید هەن و ٣٧ـیان ژنن؛ دابەشبونیان بەسەر حیزبەکان بەمشێوەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ٣٦ کاندید؛ ٧ کاندیدی ژنی هەیە، ژنێکیش سەرۆک لیستەکەیە لەم بازنەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ ٣٦ کاندید؛ ١٠ کاندیدی ژنی هەیە؛ هەڵوێست؛ ١٥ کاندیدی هەیە؛ ٤ کاندیدی ژنن، نەوەی نوێ؛ ١٢ کاندید؛ ٥ـیان ژنن؛ یەکگرتوی ئیسلامی ٤ کاندید؛ ٢ کاندیدی ژنی هەیە؛ کۆمەڵی دادگەری ٥ کاندید؛ ٣ کاندیدی ژن؛ بەرەی گەلەکەمان؛ ١١ کاندید؛ چوار کاندیدی ژنی هەیە، سۆسیالست دیموکراتی کوردستان؛ ٥ کاندید؛ ٣ کاندید ژنن، بەرەی نەتەوەیی عێراق؛ ٥ کاندیدی هەیە؛ ٢ کاندیدی ژنن.

هەروەها لە بازنەکە ٤ کاندید سەربەخۆ هەن؛ هیچیان ژن نیین.

بازنەی دهۆک ٥٨ کاندید هەن و ٢٠ـیان ژنن؛ دابەشبونیان بەسەر حیزبەکان بەمشێوەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ ٢٢ کاندید؛ ٧ کاندیدی ژنی هەیە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان؛ ٥ کاندید؛ ٢ کاندیدی ژنی هەیە؛ هاوکات ژنێک سەرۆک لیستی حزبەکەیە لەم سنورە، هەڵوێست؛ ٤ کاندیدی هەیە؛ ١ کاندیدی ژنن، نەوەی نوێ؛ ٥ کاندید؛ ٢ـیان ژنن؛ یەکگرتوی ئیسلامی ٤ کاندید؛ ٢ کاندیدی ژنی هەیە؛ کۆمەڵی دادگەری ٥ کاندید؛ ٢ کاندیدی ژن؛ بەرەی گەلەکەمان؛ ٥ کاندید؛ دو کاندیدی ژنی هەیە، سۆسیالست دیموکراتی کوردستان؛ ٥ کاندید؛ ٣ کاندید ژنن، بەرەی نەتەوەیی عێراق؛ ٤ کاندیدی هەیە؛ ١ کاندیدی ژنن.

هەروەها لە بازنەکە ٦ کاندید سەربەخۆ هەن؛ یەکێکیان ژنە.

بەمشێوەیە دەردەکەوێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێ پارێزگاکەی هەرێم کۆی گشتی ٨٨ کاندیدی هەیە و ٢٤ـیان ژنن، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ٧١ کاندیدی هەیە و ٢١ـیان ژنن، نەوەی نوێ ٢٥ کاندیدی هەیە و ١٠ـیان ژنن، هەڵوێست ٣١ کاندیدی هەیە و ٩ـیان ژنن، بەرەی گەلەکەمان ٢٠ کاندیدی هەیە و ٨ـیان ژنن یەکگرتوی ئیسلامی ١٢ کاندیدی هەیە و ٥ـیان ژنن و کۆمەڵی دادگەریش ١٥ کاندیدی هەیە و ٧ـیان ژنن.

بڕیارە رۆژی (١١ـ١١ـی ٢٠٢٥) هەڵبژاردنی گشتی بۆ پارلەمانی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) ئەنجامبدرێت؛ ئەم هەڵبژاردنە لە دوای پێنج خولی پارلەمانی لە عێراقی نوێدا، شەشەمین خول دەستپێدەکات و بە یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکان دادەنرێت بۆ داڕشتنی ئایندەی سیاسی وڵات.

پارلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت و ٨٣ کورسی وەک کۆتا بۆ ژنان دیاریکراون؛ هەرچی هەرێمی کوردستانیشە ٤٥ کورسی بۆ دیاریکراوە کە گەر کۆتای ژنان لەم رێژەیە دیاریبکرێت لەنێوان (١١ بۆ ١٢) کورسی بۆ ژنان دەبێت.

 

زۆرترین بینراوەکان