
* نەوژین، هۆزان فەریق
حەوت کچە یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق لەدوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەک بە ئاڵای کوردستانەوە وێنەیان بڵاوکردەوە و بەهۆیە داوای سزادانیان دەکرێت.
لەدوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەم لە پاڵەوانێتی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا بۆ تۆپی بالە؛ ٧ کچە یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ ئاڵای کوردستان وێنەکانیان بڵاوکردەوە؛ ئەمە کاردانەوەی هەبوە، میدیا عێراقیەکان بەزۆر داوای سزادانیان دەکەن، جگە لەمە حەبیب حوسنی؛ سەرۆکی یەکێتی تۆپی بالەی عێراق، رایگەیاند: ئەو کچە یاریزانانە کارێکی قەبوڵ نەکراویان کردوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین و شایەنی سزادانن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو کچە یاریزانانە لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی فەرمی کە مەدالیای برۆنز بو، ئاڵاکەیان پێ نەبوە بەڵکو تەنها دواتر وێنەیان لەگەڵ دا گرتوە؛ بەپێی یاساش ئەمە سزای نییە.
لەبارەی ئەم روداوە؛ راندی مەتی راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق، بە نەوژینی راگەیاند: تاوەکو ئێستا هیچ یاریزانێکم سزا نەدراون و هیوادارم سزاش نەدرێت؛ هەروەک داوا لە راگەیاندنەکان دەکەم هەر یەکە و بەپێی بەرژەوەندی خۆی ئەم بابەتە لێکنەداتەوە و لەبری دروستکردنی رقەبەرایەتی و کێشەی نەتەوەیی هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن.
هەڵبژاردەی کچانی بالەی عێراق کە نۆ یاریزانیان کوردن؛ هەفتەی رابردو بەشداریان لە پاڵەوانێتی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا کرد و بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆیان دا توانیان پلەی سێیەمی پاڵەوانێتیەکە بەدەستبهێنن.