ژنە زانایەک بوە براوەی نۆبڵی پزیشکی
رەنگاڵە
2025/10/07 , بینین : 31


* نەوژین

ژنە زانایەکی ئەمریکی هاوشان لەگەڵ دو زانای پیاو بوە براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی ئەمساڵ؛ بەهۆی دۆزینەوەکانیان لەبارەی خۆڕاگریی بەرگریی مرۆڤەوە.

لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ رایانگەیاند: د. ماری ئی برۆنکۆ، زانای ئەمریکی، لەگەڵ فرێد رامسدێڵ و پڕۆفیسۆر شیمۆن ساکاگوچیی ژاپۆنی، خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ـیان بەدەست هێناوە. ئەم رێزلێنانە بۆ دۆزینەوە شۆڕشگێڕانەکانیانە لەسەر کۆئەندامی بەرگری و توێژینەوە قوڵەکانیان لەسەر 'خۆڕاگریی بەرگریی' کە دەروازەیەکی نوێی کردوەتەوە بۆ چارەسەری داهێنەرانەی نەخۆشییەکانی بەرگری خۆیی و شێرپەنجە.

خۆڕاگریی بەرگریی، یەکێکە لەو رێگایانەی کە جەستە یارمەتی خۆی دەدات بۆ ڕێگریکردن لە تێکچونی سیستەمی بەرگری و هێرشکردنە سەر شانەکانی خۆی لەبری هێرشکردنە سەر تەنە بێگانەکان. 

خەڵاتەکانی نۆبڵ بەپێی وەسیەتنامەی سەرمایەداری سویدی، ئەلفرێد نۆبڵ دامەزراون، ئەو خەڵاتانە لە ساڵی ١٩٠١ـەوە بەخشراون بەو کەسانەی کە بەشدارییەکی دیاریان لە زانست و ئەدەب و ئاشتیدا کردوە، لەگەڵ هەندێک وەستان لە کاتی جەنگە جیهانییەکاندا. 

نۆبڵی پزیشکی تاوەکو ئێستا ١١٥ جار دابەشکراوە و بە ١٣٢ کەس بەخشراوە، لەو نێوانەدا ١٤ ژن براوەبون.

 

 

زۆرترین بینراوەکان