خول بە خول؛ ژمارەی ژنانی پارلەمانتار لە پارلەمانی عێراق
ھەواڵ
2025/10/05 , بینین : 60


* نەوژین

ژنانن بە ژمارەی جیاواز لە پێنج خولی فەرمی پارلەمانی عێراق دا بەشداریان هەبوە، بەشێوەیەک لەکۆی ١٥٨٦ پارلەمانتار، ٤١٩ـیان ژن بون،.

ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ژنانی پارلەمانتار لە خولەکانی دوای ٢٠٠٥ بەم شێوەیە نیشان دەدەن:

خولی کاتی (کانونی دوەمی ٢٠٠٥)؛ لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای روخانی رژێمی پێشو بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی کاتی کە ئەرکی نوسینەوەی دەستوری هەبو؛ ٨٧ ژن توانیان سەرکەون ئەمەش لەکۆی ٢٧٥ کورسی، ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بو لە ٢٥%ـی کۆتا و بوە هێمایەکی بەهێزی ئامادەیی ژنان.

خولی یەکەم (پارلەمانی هەمیشەیی، کانونی یەکەمی ٢٠٠٥ – ٢٠١٠)؛ لە هەڵبژاردنی پارلەمانی هەمیشەیی، ژمارەی ژنانی پارلەمانتار ٧٥ ژن بو، ئەمەش بەهۆی میکانیزمی جێبەجێکردنی کۆتا لەسەر ئاستی لیستەکان.

خولی دوەم (٢٠١٠ – ٢٠١٤)؛ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠، ژمارەکە بەرزبوەوە بۆ ٨٠ ژن لە کۆی ٣٢٥ کورسی.

خولی سێیەم (٢٠١٤ – ٢٠١٨)؛ پارلەمانی عێراق لە خولی سێیەمی خۆیدا میوانداری ٨٣ ژنی پارلەمانتاری کرد لەکۆی ٣٢٨ کەس.

خولی چوارەم (٢٠١٨ – ٢٠٢١)؛ ژمارەی ژنانی سەرکەوتو لەم خولەدا گەیشتە ٨٤ ژن لەکۆی ٣٢٩ کەس.

خولی پێنجەم (٢٠٢١ – ئێستا)؛ لەم هەلبژاردنەدا، ژمارەی ژنانی پارلەمانتار دیسانەوە بەرزبوەوە و گەیشتە ٩٧ ژن لەکۆی ٣٢٩ کەس، کە نزیکە لە ژمارە پێوانەییەکەی ٢٠٠٥.

ژمارەی پارلەمانتارە ژنە کوردەکان 

هەرچەندە ئامارێکی فەرمی و ورد بۆ دیاریکردنی ژمارەی تەواوی ژنانی پارلەمانتاری کورد لەناو ئەم ژمارە گشتییانەدا بەردەست نییە، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کورد توانیویانە لەڕێگەی لیستە کوردییەکانەوە بگەنە پارلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستان بەشێکی دیاریکراوی لە کورسییەکانی پارلەماندا هەیە (نزیکەی ٤٥-٥٨ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی) و جێبەجێکردنی کۆتای ژنان لەناو لیستە کوردییەکانیش دا، رێگەی بۆ چەندین ژنی کورد خۆشکردوە تا نوێنەرایەتی پێکهاتەکەیان و دۆزی ژنان بکەن.

نەبوونی ئاماری ورد بۆ ژنانی پارلەمانتار بەپێی نەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پۆلێنکردنی داتاکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە کە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر ژمارەی گشتی و دابەشبونی لیستەکان نەک ناسنامەی نەتەوەیی تاکەکان.

 

زۆرترین بینراوەکان