کۆتای ژنان لە پارلەمانی عێراق ٢٥%ـە، بەڵام چۆن ٣٠%ـی پارلەمانتارەکان ژنن؟
ھەواڵ
2025/10/02 , بینین : 48


* نەوژین

٢٥%ـی کورسیەکانی پارلەمانی عێراق وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە؛ بەم پێیەش دەبێت لایەنی کەم ٨٣ ژن لە هەرخولێکی پارلەمان ببنە پارلەمانتار، بەڵام لە ئێستادا ٩٧ ژن پارلەمانتاری خولی پێنجەمی پارلەمانی عێراقن، خوێنەری ئەم بابەتە بن تاوەکو بزانن چۆن بەمشێوەیەیە.

سیستمی کۆتای ژنان لە پارلەمانی عێراق دا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای روخانی رژێمی پێشو جێگیرکراوە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی و بە یاسایی لە دەستوری کۆماری عێراق دا کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کرا، دیاریکراوە، ئەوەش بەپێی ماددەی ٤٩ بڕگەی چوارەم کە تێیدا ئاماژەبەوەکراوە یاسای هەڵبژاردن دەبێت رێکارێک دابنێت بۆ گەیشتنی ژنان بە پارلەمان بە رێژەیەک کە لە ٢٥% کەمتر نەبێت.

کەواتە چۆن ئێستا ٣٠%ـی پارلەمانتارەکانی پارلەمان ژنن؟ 

لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پارلەمانی عێراق ٥٢ ژن توانیان بە دەنگی خۆیان و بەبێ پێویستی کۆتا دەربچن، لەگەڵ ئەوەدا بەپێی پۆلێنکاری کۆتای ژنان دواتر ٤٥ ژنی دیکەش سەرکەوتن، ئەمەش بو بەهۆی ئەوەی لەبری ٨٣ ژن، ٩٧ ژن بچنە پارلەمانی عێراق و ٣٠%ـی کورسیەکان مسۆگەر بکەن.

لەنێو ئەو ژنانەی بەبێ پێویستی کۆتا دەرچون ١٢ـیان لە هەرێمی کوردستان بون، کە دابەشکردنیان بەپێی شارەکان بەمشێوەیە بو: ٣ ژن لە پارێزگای هەولێر، لەکاتێک دا کۆتای ژنانی دیاریکراو تێیدا لایەنیکەم ٤ کورسیە، ٦ ژن لە پارێزگای سلێمانی؛ لەکاتێکدا کۆتای ژنان تێیدا لایەنیکەم ٥ کورسیە و سێ ژنیش لە پارێزگای دهۆک؛ لەکاتێک دا هەر سێ کورسیش وەک کۆتای ژنان بۆ پارێزگاکە دیاریکراوە.

بەکۆی گشتی ١٧ ژن لە هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوی پارلەمانی عێراق دەرچون، لەکاتێکدا کۆتای ژنان بۆ سێ پارێزگاکەی هەرێم لە خولی پێنج، ١٢ ژن بو.

زۆرترین بینراوەکان