
* نەوژین، دێژین سدقی
رۆژڤین، لەشاری دهۆک پێشانگایەکی تایبەت بە جلوبەرگی خانمانی باڵاپۆشی کردوەتەوە، دەڵێت: دەستنەکەوتنی جلوبەرگی باڵاپۆشان لە ناوچەکەم، کێشەی من و چەندان خانمی دیکە بو، هەربۆیە بڕیاری کردنەوەی پێشانگاکەم دا.
رۆژڤین خەلیل ئیسماعیل، تەمەنی ٣٤ ساڵە و دەرچوی بەشی زمانی کوردی ـە لە زانکۆی دهۆک، هاوسەرگیریی کردوە و دایکی دو مناڵە، دوای تەواوکردنی خوێندن، بڕیاریدا کارێکی ئازاد بکات و وەکخۆی دەڵێت: بیرۆکەی کردنەوەی پێشانگای جلوبەرگی باڵاپۆشان لەلام باشترین بیرۆکە بو.
ئامانج؛ چارەسەرکردنی کێشەی جلوبەرگی باڵاپۆشان
رۆژڤین، دەڵێت: خۆم باڵاپۆش بوم و زۆر بە ئەستەم دەمتوانی جلوبەرگی باڵاپۆش بەو ستایل و کوالێتییەی کە حەزم لێبو بەدەستم بخەم. ئەمەش وای لێکردم بیر لەوە بکەمەوە پێشانگایەک بکەمەوە بۆ ئەوەی ژنانی دیکەی دهۆکیش بە ئاسانی ئەم جلوبەرگانە بەدەست بهێنن.
زۆرینەی جلوبەرگەکانی پێشانگاکەی رۆژڤین کە بەناوی پێشانگای ‘رۆژڤین’ ـەوەیە، لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکرێن؛ تورکیا سەرچاوەیەکی سەرەکییە، دەڵێت: زۆرکات خۆم سەفەر دەکەم بۆ هێنانی کەلوپەل و پێداویستییەکانی پێشانگاکە، هەندێک جاریش خۆمان دیزاینی جلوبەرگ دەکەین یان داوای دروستکردنیان دەکەین، جگە لە جلوبەرگ، هەر شتێک ژنان پێویستیان پێی بێت وەک جلوبەرگی ژێرەوە، جانتا و ئێکسسواراتیش دابین دەکەین.
لە پێشانگای رۆژڤین دا ئێستا ١٥ کارمەندی کچ کاردەکەن، پلانی وایە لقی زیاتر لە سنوری پارێزگای دهۆک بکاتەوە؛ “نهێنی سەرکەوتنی کارەکە لەوەدایە کە بەردەوام هەوڵ دەدەین بە پێی پێداویستی کڕیارەکان کەلوپەل دابینبکەین، بەرزی کوالێتی و کەمی نرخ لەپێشینەی پلانەکانمانن”، رۆژڤین وای وت.
پێشانگاکە بەشی ئۆنلاینی چالاکی هەیە و ژمارەیەک کارمەندی تایبەت لە بەشی بازاڕکردنی ئۆنلاین کاری تێدا دەکەن، بەشێوەیەک بە وتەی رۆژڤین: بەردەوام گەیاندنمان بۆ سەرجەم شارەکانی کوردستان و عێراق هەیە.
لە پێشەنگای رۆژڤین جیا لە گرنگیدان بە جوانی دەرەوەی ژن، گرنگی بە گەشەپێدانی مێشکی ژنانیش دەدرێت؛ لە گۆشەیەکی پێشانگاکەدا پەرتوکخانەیەکی جوان هەیە بۆ ئەوەی ژنان پەرتوک بکڕن هەندێک جاریش سودی ئەوەی دەبێت کە هاوسەرانی کڕیارەکان لە کاتی کڕینی جلوبەرگدا لەوێ دەخوێننە و بەوشێوەیەش بێزار نابن.